بەرپرسانی ئەمریکا دەست بەسەر چواردەیەم گەورەترین بانکی وڵاتەکەدا دەگرن

رووداو دیجیتاڵ

رێکخەرانی بانکی ئەمریکا دەستیان بەسەر بانکی فێرست ریپەبڵیکدا گرت و هەموو پارە دانراوەکان و زۆربەی سەروەت و سامانەکانیان فرۆشتە بانکی جەی پی مۆرگەن، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ هێورکردنەوەی تەنگژەی بانکی لە ئەمریکا.
 
دەستبەسەرداگرتنی بانکی فێرست رێپەبڵیک دوای ئەوە هات کە دوو مانگە ئەو بانکە رووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی دابەزینی بەهای پشکەکان و سامانەکەی بووەتەوە و، نیگەرانییەکی گەورەی لەلای بەرپرسانی ئەمریکا دروستکردووە.
 
بارەگای بانکەکە لە سانفرانسیسکۆیە و سێیەم بانکی قەبارە مامناوەندە کە لە ماوەی دوو مانگدا پارەی کاشی نامێنێت و لە مایەپووچبوون نزیک دەبێتەوە. بانکی فێرست ریپەبڵیک هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا 100 ملیار دۆلار زیانی کردووە.
 
بانکەکە دوای ئەو زیانە، نەیتوانیوە پلانی رزگاربوونی جێبەجێبکات و خۆی لە قەیران دەرباز بکات، لەبەر ئەوە بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی کەرتی بانکی لە ئەمریکا دەستیان بەسەر بانکەکەدا گرت و فرۆشتیانە بانکێکی دیکەی ئەمریکی.
 
لەدوای مایەپووچبوونی بانکی سیلیکۆن ڤالی و بانکی سیگنیچەرەوە، بانکی فێرست ریپەبڵیک تووشی کێشەی زۆر بووەتەوە؛ وەبەرهێنەران و ئەو کەسانەی پارەیان لە بانکەکەدا داناوە، تادەهات زیاتر نیگەران دەبوون لە توانای بەردەوامبوونی بانکەکە.
 
بەرپرسانی ئەمریکی رایانگەیاندووە بانکی جەی پی مۆرگەن بە ئەگەری زۆرەوە ناچارە 13 ملیار دۆلار بدات بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی بانکی فێرست رێپابلیک.
 
جەیمی دیمۆن، یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی کەرتی دارایی لە ئەمریکا کە هاوکات بەڕێوەبەری بانکی جەی پی مۆرگەنە لەو بارەیەوە رایگەیاند "حکومەت، داوای لە ئێمە و چەند بانکێکی دیکە کرد کە دەستپێشخەری بکەین بۆ رزگارکردنی بانکی فێرست ریپەبڵیک، دواجاریش ئێمە کارەکەمان ئەنجامدا".
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەمیانی کونفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دڵنیاییدایە خەڵک کە سامانیان لەنێو بانکی فێرست ریپەبڵیک سەلامەتە.
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی "زۆر خۆشحاڵم کە بەرپرسان ئاسانکارییان کرد بۆ فرۆشتنی بانکی فێرست ریپەبڵیک، بەوپێیەش دڵنیاییان دا کە پاشەکەوتی خەڵک پارێزراو دەبێت. هەروەها رێگەیان نەدا باجدەران زیانمەند بن. ئەم دەستپێشخەرییانە بۆ ئەوەیە کە دڵنایی بدەین کەرتی بانکی سەلامەتە ئەوەش لەپێناوی پاراستنی بازرگانییە بچووکەکان کە پێویستیان بەوەیە مووچەی کارمەند و کرێکارانیان بدەن".
 
دامەزراوەی بیمەی فیدراڵیی ئەمریکا، رۆژی دووشەممە 1-5-2023 رایگەیاند، 84 لقی بانکی فێرست ریپەبڵیک لە هەشت ویلایەتی وڵاتەکەدا وەک لقی نوێی بانکی جەی پی مۆرگەن دەکرێنەوە و وەبەرهێنەران دەستیان بە تەواوی سەرمایە بۆ وەبەرهێنانەکانیان دەگات.
 
دامەرزراوەی بیمەی فیدراڵیی ئەمریکا رایگەیاندووە، تاوەکو 13ـی نیسانی ئەمساڵ، بانکی فێرست ریپەبڵیک نزیکەی 229 ملیار دۆلاری وەکو سامان و سەرمایە و، 104 ملیار دۆلاریشی وەکو پارەی دانراو هەبووە.
 
لە کۆتایی ساڵی 2022ـدا، بانکی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند، بانکی فێرست ریپەبڵیکی وەک 14ـەیەمین گەورە بانکی بازرگانی قەبارە مامناوەندی ئەمریکا ناساند.