بەرپرسێک لە کۆمپانیای سۆمۆ: هیچ رێگرییەک لە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەماوە


رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، مانگانە نزیکەی 900 ملیۆن دۆلار زیان بە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەوێت. جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "هەرێمی کوردستان داوای لە بەغدا کردووە قەرەبووی راگرتنی نەوتی بۆ بکاتەوە بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆران دابین بکات." بەرپرسێک لە کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت: "هیچ کۆسپێک لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەماوە."
 
رۆژی سێشەممە 2-5-2023، نەهرۆ رواندزی، جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی بەدواداچوونەکان و زانیارییەکانمان رێککەوتنی عێراق و تورکیا لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان نزیکە، هەردوولا لەبارەی ئەو پێبژاردنەی کەوتووەتە سەر تورکیا کە 1 ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە لە رێککەوتن نزیکن و ئەگەری هەیە بە هاوبەشی بیدەن."
 
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، نەهرۆ رواندزی گوتی: "نیوەی یەکەمی ئەم مانگە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستپێدەکاتەوە، چونکە هیچ رێوشوێن و رێگرییەکی گەورە لەبەردەم هەناردەکردنەوە نەماوە، رۆژی یەکشەممەی داهاتووش لەگەڵ وەزیری نەوت کۆدەبینەوە و وردەکاریی زیاتری لێ دەپرسین."
 
نەهرۆ رواندزی ئاماژەی بە چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دا کە داهاتی نەوت سەرچاوەی سەرەکی بوو و گوتی: "هەرێمی کوردستان هیچ زیانێکی پێ ناگات و عێراقیش زیان ناکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی عێراق کردووە ئەو زیانانەی بۆ قەرەبووبکاتەوە کە بەهۆی راگرتنی نەوتەوە لێیکەوتووە، بەتایبەت مووچەی مووچەخۆران، بۆ ئەمەش چاوەڕێی وەڵامی بەغدایە."
 
بەپێی ماددەی یەکی رەشنووسی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشێت. بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق کە تایبەتە بە مانگی ئادار، عێراق هەر بەرمیلێک نەوتی بە بڕی 74 دۆلار و 38 سەنت فرۆشتووە، بەو پێیە نرخی 400 هەزار بەرمیل نەوتەکە لە رۆژێکدا دەکاتە 29 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار دەکات، واتە مانگانە 888 ملیۆن دۆلار قەبارەی ئەو زیانەیە کە بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستانەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەگات.
 
بەپێی گوتەی بەرپرسێک لە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق ناسراو بە - سۆمۆ - کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، "دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت هیچ کێشەیەکی ئەوتۆی نەماوە و تەنیا رێکاری کارگێڕی و بڕیاردانەکەی نەبێت." گوتیشی: "عێراق و تورکیا و هەرێمی کوردستان لەسەر زۆر وردەکاری رێککەوتوون و تەگەرەی گەورە لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت نەماوە."
 
رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا، دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق لە دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا.
 
رۆژی سێشەممە 4-4-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، هەردوولا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا رێککەوتنەکەیان بە "گرنگ" وەسف کرد کە دەبێتە سەرەتایەک بۆ رێککەوتنی زیاتر. بەڵام دوای نزیکەی مانگێک لە رێککەوتنەکە، هێشتا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە.