هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن دۆلار قەرز لە بانکی نێودەوڵەتی وەردەگرێت و دەبێت 52 ملیۆن دۆلار بداتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی رەشنووسی بودجە، کە ئێستا لە پەرلەمانە، عێراق لەساڵی 2023دا زیاتر لە 12 تریلیۆن دینار بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان و تەواوکردنی پڕۆژەکانی قەرز دەکات، کە 418 ملیۆن دۆلار لە بانکی نێودەوڵەتی وەردەگرێت. پشکی هەرێمی کوردستان لەو قەرزەدا تەنیا 2 ملیۆن دۆلارە، بەڵام لە دانەوەی ئەو قەرزانەدا هەرێمی کوردستان دەبێت زیاتر لە 52 ملیۆن دۆلار بداتەوە. 
 
بەپێی بەدواداچوونی رووداو بۆ رەشنووسی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، لە بڕگەی قەرزکردن لە دامەزراوەی بانکی نێودەوڵەتی، ئەمساڵ عێراق بەردەوام دەبێت لە قەرزکردن و بڕی  418 ملیۆن دۆلاری لێ قەرز دەکات بۆ پارەدارکردنی پڕۆژەی وەزارەت و پارێزگاکانی عێراق کە نزیکەی 544 ملیار دینار دەکات.
 
لەو بڕە قەرزە پشکی هەرێمی کوردستان تەنیا 2 ملیۆن دۆلارە و لە چوارچێوەی وەزارەتی پلاندانان بۆی دیاریکراوە کە دەکاتە 0.6٪ـی کۆی ئەو پارەیەی عێراق لەو دامەزراوەیە بۆ ئەمساڵ قەرزی دەکات، بەڵام لەچوارچێوەی خەرجییەکانی سەرەوەریدا دەبێت هەرێمی کوردستان کە پشکی 12.6٪ـی هەیە، بەو رێژەیە لە دانەوەی قەرزەکان بەشداربێت، واتە بڕی 52 ملیۆن و 668 هەزار دۆلار بداتەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 2-5-2023، سیپان عەزیز، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەپێی بەدواداچوون و لێکدانەوەی ژمارەکانی نێو رەشنووسی بودجە، دەردەکەوێت لەو قەرزانەی کە عێراق بۆ پڕۆژەکان دەیانکات، هەرێمی کوردستان 0.6٪ـی بەردەکەوێت، بەڵام لە دانەوەی ئەو قەرزانەدا دەبێت لە خەرجیی سیادی قەرزەکان بداتەوە و رێژەی 12.6٪ـی لێدەبڕێت، ئەوەش نادادپەروەری تێدایە".
 
سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ زیادکردنی ئەو پشکەی لە وەرگرتنی قەرزدا بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت، روونیکردەوە: "ئێمە هەوڵی خۆمان داوە و بەردەوامین لەوەی بتوانین پشکی هەرێمی کوردستان زیادبکەین، بەڵام دواجار لای لێژنەی دارایی و حکومەت دەمێنێتەوە، هەرچەندە هەندێک لە ئەندامانی لێژنەی دارایی باسیان لەوە کردووە لە شوێنی دیکەی نێو رەشنووسەکە ئەو بابەتە بۆ هەرێمی کوردستان قەرەبوو کراوەتەوە، بەڵام بەردەوام دەبین لە هەوڵەکان".
 
ئەو 418 ملیۆن دۆلارەی ئەمساڵ عێراق لە بانکی نێودەوڵەتی قەرزی دەکات بەمشێوەیە دابەشکراوە:
 
- وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن: 100 ملیۆن دۆلار
- وەزارەتی کارەبا: 100 ملیۆن دۆلار
- ئەمینداریێتی بەغدا: 40 ملیۆن دۆلار
- وەزارەتی تەندروستی: 41 ملیۆن دۆلار
- وەزارەتی دارایی: 5 ملیۆن دۆلار
- هەرێمی کوردستان (وەزارەتی پلاندانان): 2 ملیۆن دۆلار
- وەزارەتی پەروەردە: 5 ملیۆن دۆلار
- وەزارەتی کشتوکاڵ: 10 ملیۆن دۆلار
- وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو: 26 ملیۆن دۆلار 
- وەزارەتی گواستنەوە: 1 ملیۆن دۆلار
- پارێزگای ئەنبار: 7 ملیۆن دۆلار
- پارێزگای نەینەوا: 5 ملیۆن دۆلار
- پارێزگای سەڵاحەدین: 3 ملیۆن دۆلار
- پارێزگای دیالە: 3 ملیۆن دۆلار
- وەزارەتی پلاندانان (پڕۆژەی سندووقی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی): 70 ملیۆن دۆلار
 
بەپێی رەشنووسی بودجەی گشتیی عێراق، کە خەرجییەکان نزیکەی 199 تریلیۆن دینار و کورتهێنان 64 تریلیۆن دینار دەبێت، کۆی گشتیی قەرزەکان، نزیکەی 20 تریلیۆن و 750 ملیارە، بەشێوەیەک قەرزی ئەمساڵ 12 تریلیۆن و 350 ملیار و 981 ملیۆن و 21 هەزار دینارە، لەنێویاندا بڕی 9 تریلیۆن و 965 ملیار دینار قەرزی نێوخۆی و دەرەکییە بۆ پارەدارکردنی پڕۆژەکان، سێ تریلیۆن دیناریش قەرزە لە بانکەکانی حکومەت.
 
نەبیل مەرسوومی، مامۆستای زانکۆی بەسرە و شارەزای ئابووری، لەوبارەیەوە بە رووداوی گوت "عێراق دەبێت هەوڵبدات خۆی لە قەرزکردن بەدوور بگرێت، چونکە لە کۆتاییدا ئەوانە بارن بەسەر شانی حکومەتەوە، چونکە سووی زۆریان لەسەرە و بڕی قەرزەکانیش زۆر نین، بۆیە ئەو بڕگەیە لەنێو رەشنووسەکە هەڵبگیرێت باشترە، تەنانەت ئەگەر بۆ ئەمساڵیش نەبێت، بۆ ساڵانی داهاتوو لاببرێت، باشترە عێراق پشت بەخۆی ببەستێت".
 
بانکی نێودەوڵەتی دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتیی داراییە، قەرز بە حکومەتی ئەو وڵاتانە دەدات، کە پێویستیان پێیە بۆ پارەدارکردنی پڕۆژەکانیان، لە ساڵی 1944 دامەزراوە و لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا چەندین جار قەرزی بە عێراق داوە.