ئەفریقا؛ چاندنی ماریوانا خەریکە شوێنی تووتن دەگرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

بووچی و نائوم بەشێکن لەو ملیۆن و 600 هەزار جووتیارانەی وڵاتی مالاوی باشووری رۆژهەڵاتی ئەفریقا کە سەرقاڵی چاندنی تووتنن؛ ئەو کارەی کە چیدیکە وەک ساڵانی رابردوو، گیرفانەکان گەرم و سکەکان تێرناکەن. بۆیە ئێستا کەسانی وەک فالیس نخۆما، دەستیان کردووە بە چاندنی حەشیشی جۆری ماریوانا.
 
فالیس نخۆما، جووتیارە دەڵێت، "بۆ چەندین ساڵ هیچ قازانجێکم لە چاندنی تووتن نەبینی، بۆیە ساڵ دوای ساڵ هەژارتر دەبووم. دواجار بڕیارمدا ماریوانا بچێنم."
 
نزیکەی 100 هەزار تۆن بەرهەمی ساڵانەی مالاوییە، زیاتر لە 25٪ـی کۆی بەرهەمی تووتنی ئەفریقا پێکدەهێنێت، بەڵام لە شوباتی ساڵی 2020 پەرلەمانی ئەو وڵاتە رێگەی بە بەرهەمهێنانی ماریوانا دا، هەر ئەوەش وایکرد لە دوو ساڵی رابردوودا،  سەرووی 30٪ـی جووتیارانی تووتن، دەست بە چاندنی ماریوانا بکەن.
 
یۆنا، جووتیارێکی دیکەیە، ئەو دەڵێت، "داهاتووی تووتن باش نییە. تەماشای ئەم کۆگایە بکە، ساڵان پڕ دەبوو لە فەردە تووتن، بەڵام ئێستا بەشێكی بەرچاوی چۆڵە."
 
پێش ساڵی 2020، مالاوی ساڵانە زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلاری لە هەناردەکردنی تووتندا دەستدەکەوت، ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ کەمتر لە 500 ملیۆن دۆلار دابەزیوە.
 
ئەو دابەزینە سەرئێشەی بۆ حکومەت دروستکردووە.
 
چیدانتی مالونگا، بەرپرسی کۆمسیۆنی تووتنە و دەڵێت، "ئێمە ئەمساڵ بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو، نزیکەی 50 ملیۆن کیلۆگرام تووتن کەمترمان بەرهەمهێناوە. تووتن سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهاتی ئەم وڵاتەیە و دەبێ بە هەر نرخێك بێت بەرگری لەم بەرهەمە بکەین."
 
لە کاتێکدا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدا لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی چاندنی تووتن بۆ سەر مرۆڤ و ژینگە، گۆڕینی ئاراستەی جووتیاران لە چاندنی تووتنەوە بۆ ماریوانا، ئەگەری بەکارهێنانی لە دەرەوەی پیشەسازی دەرمان زیاتر دەکات و هەڕەشەکانی سەر تەندروستیی مرۆڤ و دەرهاویشتە نەرێنییە کۆمەڵایەتییەکانی؛ گەورەتر دەکات.