وەزیری نەوتی عێراق: یاسای بودجە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان کێڵگەکانیان جێبهێڵن

02-05-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کێشەکانی نێوان حکومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە پرۆژەیاسای بودجەی 2021 ی عێراق کران و پاشان بووە یاسا، بەردەوامە. وەزارەتی نەوتی عێراق داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە تانە لە یاسای بودجەی 2021ـی عێراق بدات لە دادگەی فیدراڵی و دەڵێت، یاساکە بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەوە کە لەلایەن پەرلەمانەوە تێیدا کراوە، کەرتی نەوتی عێراق دوادەخات و کێشەی گەورەی بۆ دروستدەکات.
 
ئیسماعیل عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەڵێت، گۆڕانکارییەکان بە چەشنێکن کە مەترسیی ئەوە هەیە، کۆمپانیا نەوتییەکان واز لە کێڵگەکانیان لە عێراق بهێنن.
ئەو کاتەی کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی 2021ـی رەوانەی پەرلەمان کرد، وەزارەتی نەوت داوایکردبوو 11.7 ملیار دۆلار وەک حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان لە بودجەکەدا دابنرێت، بەڵام ئەو ژمارەیە گۆڕانکاریی تێدا کرا.
 
وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەشکردووە، لە کاتی تاوتوێکردنی پرۆژەیاساکە، حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان کەمکراوەتەوە بۆ 6.9 ملیار دۆلار تاوەکو 9 ملیار دۆلار. جەختیش لەوە دەکاتەوە بەو بڕە ناکرێت کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان رازی بکرێت لە کارەکانیان بەردەوام بن و هۆکاری دەرچوونی کۆمپانیاکانی وەک شێل و ئێکسۆن مۆبیل، لە کێڵگەکانیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، نەتوانراوە قەرەبووی گونجاوی وەبەرهێنانەکانیان بکرێتەوە.
 
سەرەڕای نارەزایەتییە تووندەکانی وەزیری نەوتی عێراق لە گۆڕانکارییەکانی نێو بودجە، هێشتا ئەندام پەرلەمانەکانی عێراق پێیانوایە کە شێوازی بەڕێوەبردنی گرێبەستە نەوتییەکانی عێراق کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە دەدرێنە کۆمپانیا بیانییەکان لە قازانجی عێراقدا نییە و دەبێت پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.
 
ئەمجەد عەقابی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق لەو بارەیەوە رایگەیاند "گرێبەستەکانی نەوتی عێراق دیوی ئەرێنی و نەرێنییان هەیە، ئەرێنییەکە ئەوەیە پێشتر پێش واژۆکردنی ئەو گرێبەستانە بەرهەمهێنانی نەوتمان بەو بڕەی ئێستا نەبوو، هاوکات ئەو گرێبەستانە زۆر لە بیرەکانی نەوتیان رزگار کرد، کە زۆری نەمابوو لەنێوبچن، بەڵام چەند هەڵەیەک لەو گرێبەستانەدا هەیە، وەک رێککەوتن لەسەر بڕی نەگۆڕی بەرهەمهێنانی نەوت، بۆیە ئێستا حکومەتی عێراق مافی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نییە، کۆمپانیاکانیش هەقدەستی خۆیان بەپێی ئەو بڕە نەگۆڕە دەبەن، بۆیە پێویستە وەزارەتی نەوت و حکومەت چاو بەو گرێبەستانەی نەوتدا بخشێننەوە، چونکە ئەو گرێبەستانە تاوەکو ئێستا چەندین ملیۆن دۆلار زیانیان بە عێراق گەیاندووە."
 
یەکێکی دیکە لە رەخنەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق پەیوەستە بە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ نەوتی هەرێمی کوردستان.
بەپێی ماددەی 11ـی یاسای بودجەی 2021ـی عێراق کە رۆژی 12ـی مانگی چوار بە فەرمی لە رۆژنامەی وەقایع بڵاوبووەوە و لەو رێککەوتە بەدواوە دەبێت جێبەجێبکرێت، پشکی هەرێمی کوردستان لە بری رادەستکردنی داتاکانی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی ناوخۆ نزیکەی 11 تریلیۆن دۆلارە.
 
وەزیری نەوتی عێراق رەخنە لەوە دەگرێت کە لە ماددەی 11 دا هاتووە بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان 460 هەزار بەرمیلە کە 250 هەزار بەرمیلی دەبێت دەدرێتە عێراق، بەڵام بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان هەر ئێستا نزیکەی 470 هەزار بەرمیلە و لە یاساکەدا رەچاوی ئەوە نەکراوە کە هەرێمی کوردستانیش بەشێک لە باری پابەندبوون بە رێککەوتنی ئۆپێک لە ئەستۆ بگرێت. ئیسماعیل داوا دەکات بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر نەبێت لە 334 هەزار بەرمیل.
 
بەشێكی دیکەی ناکۆکییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ پەرلەمان ئەوەیە کە دەڵێت بەپێی گرێبەستە نەوتییەکانی حکومەتی عێراق لەگەڵ وەزارەتی نەوت، کۆمپانیا نەوتییەکان لە پێدانی باج بەخشراوە، بەڵام لە یاساکەدا هاتووە کە دەبێت باج لەسەر ئەو کۆمپانیانە دابنرێتەوە.
 
وەزیری نەوتی عێراق دەشڵێت کە گرێبەستە نەوتییەکانی عێراق ناکرێت بە ئاسانی دەستکاری بکرێن و دەڵێت ئەگەر باج لەسەر کۆمپانیا نەوتییەکان دابنێن، کۆمپانیاکان ئەو بڕە باجە وەک تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت هەژماردەکەن و لەڕووی داراییەوە هیچ سوودێک بە حکومەت ناگەیێنن، بەڵام دەبێتە ژانەسەرێکی ژمێریاری بۆ وەزارەتی نەوت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی نیسان و هۆندا.

نیسان و هۆندا بۆ رکابەریی تێسلا یەکدەگرن

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، گەورە بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی نیسان لەگەڵ هۆندا سەرقاڵی دانوستاندنن بۆ ئەوەی یەکبگرن.