بەندەری بەیرووت پاکدەکرێتەوە

02-05-2021
عیسا حەسەن
نیشانەکردن بەندەری بەیرووت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 8 مانگ بەسەر تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووتی لوبنان، دەستکرا بە لابردنی ئەو ماددانەی کە مەترسیدارن و ئەگەری تەقینەوەیان لێدەکرێت.
 
کۆمپانیای "کۆمبی لیفت'ی ئەڵمانی لە رێگەی کەشتییەکەوە 59 کۆنتێنەری پاشماوەی ئەو ماددانە دەگوازێتەوە ئەڵمانیا، کە لە بەندەری بەیرووت لەدوای تەقینەوەکەی 4ی ئابی ساڵی رابردووەوە بەجێماون. 
 
ئەندریاس کیندل، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە لوبنان رایگەیاند: "ئەوە تەنیا دەستپێکە و سەرەتای پاککردنەوەی بەشێکی بەندەرەکەیە. شتی زۆر ماوە بکرێت و هیوادارم حکومەتی داهاتووی لوبنان لە نزیکەوە کار لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات و بتوانێت بەخێرایی پابەندی بەڵێنەکان بێت".
 
ئەو کۆمپانیا ئەڵمانیایە بڕیاربوو 49 کۆنتێنەر لە پاشماوەی کەرەستەکان بگوازێتەوە، بەڵام بەگوێرەی سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی لوبنان-ئەڵمانیا کۆمپانیاکە چارەسەری 75 کۆنتێنەر دەکات و 59یان دەگوازێتەوە ئەڵمانیا.
بەگوێرەی کۆمپانیاکە 60٪ی پاشماوەکان بریتییە لە ترشی هایدرۆکلۆریک، کە پێکهاتەیەکی ژەهراوی و داخوورێنەرە.
 
باڵیۆزی ئەڵمانیا لە لوبنان دەڵێت: "ئەو تەقینەوەیە بەڕاستی برینێکی کراوەیە بەهۆی ئەو ماددە کیمیایانەی لە بەندەرەکەن. دوایین پاشماوە لە بەندەرەکە لادەبرێت ئەوەش جاری یەکەمە شتێک بۆ دەرەنجامی رووداوەکەی 4ی ئاب دەکرێت". 
 
رۆژی چواری ئابی ساڵی رابردوو بەهۆی گڕگرتنی نیتراتی ئەمۆنیۆم تەقینەوەیەکی گەورە لە گەورەترین بەندەری لوبنان روویدا کە بووە هۆی گیانلدەستدانی زیاتر لە 200 کەس. 
 
لێکۆڵەران زیانی تەقینەوەکە بە سێ ملیار دۆلار دەخەمڵێنن، بەڵام بەرپرسانی لوبنان پێیانوایە کۆی زیانەکانی تەقینەوەکە لەوانەیە 15 ملیار دۆلار بێت.  
 
شرۆڤەکارانی ئاژانسی سویس رێ کە بارەگای سەرەکی لە سویسرایە و لەبواری دڵنیایی کاردەکات رایانگەیاندووە تەقینەوەکانی بەندەری بەیرووت هاوشێوەی تەقینەوەکانی بەندەری تیانجینە لە چین، کە لە ساڵی 2015 روویدا و 116 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا، نزیکەی 2.5 بۆ 3.5 ملیار دۆلاریش زیان بە بەندەرەکە گەیشت. 
 
هاوکات جێسەلین لو کام، بەڕێوەبەری ئاژانسی ریزبەندیکردنی (AM Best) دەڵێت: "ئەگەر بەراوردێک بکەین لەنێوان تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت و بەندەری تیانجین، لە زیانەکاندا هاوشێوەن".
 
زیانەکانی تەقینەوەکە لەسەر بەندەرەکە هەر تایبەت نییە بەو زیانەنەی راستەوخۆ بە بەندەرەکە کەوتوون، بەڵکو پچڕانی زنجیرەی گواستنەوەش کە بە سەتان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت و ماوەیەکی زۆر دەخایێنێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بنیاتبنرێنەوە، بەشێکن لە زیانەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ. وێنە: AFP

عێراق تاوتوێی بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات

دوای زیاتر لە 16 ساڵ راوەستان، عێراق دانوستاندنەکانی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەی گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ تیمی تایبەت بۆ بەئەندامبوونی عێراق ئامادە دەکەن.