رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە نیازە ئەمڕۆ چوارشەممە 02-04-2025 پێناسی گومرگی 25٪ رابگەیێنێت. ترەمپ ناوی لە دووی نیسان ناوە "رۆژی رزگاریی ئەمریکا"، ئەمەش مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی بازرگانی و ئابووریی لەگەڵ هاوبەشەکانی ئەمریکا و تێکدانی ئەو بازرگانییەیە کە دەیان ساڵە لە نێوان وڵاتەکاندا هەیە.
ترەمپ تائێستا هیچ وردەکارییەکی لەسەر ئەو پێناسە گومرگییانە نەدرکاندووە، ئەوەندەی دەزانرێت سەرنجە زۆرەکە لەسەر بازرگانیی ئۆتۆمبێلە. ترەمپ دەڵێت، هەر ئۆتۆمبێلێک بێتە نێو ئەمریکا، 25٪ گومرگی دەخرێتەسەر.
بڕیارە کۆشکی سپی کاژێر 4:00ـی دوای نیوەڕۆ بەکاتی واشنتن (11:00ـی شەو بە کاتی هەولێر) پێناسە گومرگییەکان رابگەیێنێت.
پێناسە گومرگییەکان لە 03-04-2025 دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، پێشبینی دەکرێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی باجی گومرگی تۆڵەسەندنەوە لە دژی ئۆتۆمبێلە ئەمریکییەکان بسەپێنرێن.
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ نووسی: "ئەمڕۆ رۆژی رزگاریی ئەمریکایە!"
لە زمانی ئینگلیزی پێناسی گومرگی بەرامبەر وشەی (tariff)ـە، ترەمپ پێشتر گوتی، لە فەرهەنگی ئینگلیزیدا ئەو وشەیە، "جوانترین وشەی نێو هەموو زمانی ئینگلیزییە."
ترەمپ دەڵێت، ئەوەی دۆلارێک باج بخاتە سەر بەرهەمە هەناردەکراوەکانی ئەمریکا، ئەوانیش دۆلارێک باج دەخەنە سەر بەرهەمە هاوردەکراوەکانیان بۆ نێو ئەمریکا.
ئەمڕۆ چوارشەممە کریستین لیگارد، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەورووپا لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ میدیای ئایرلاندی گوتی: "پێناسە گومرگییە پلان بۆ داڕێژراوەکانی ترەمپ، زیان بەهەموو لایەک دەگەیەنێت."
لیگارد گوتی، کاریگەرییەکە بەپێی زۆری و کەمیی پێناسەکە، بەرهەمە دەستنیشانکراوەکان، ماوە و دانوستاندنەکان دەگۆڕێت.
جیهان بە نیگەرانییەوە چاوەڕێی وردەکارییەکانی ئەو پێناسە گومرگییانەیە، پشکە جیهانییەکان دابەزین و زێڕیش لە بەرزبوونەوە بەردەوامە.
لەلایەکی دیکە، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا کە تائێستا خۆی لە رەخنەگرتن لە ترەمپ پاراستووە، گوتی: "پێناسە گومرگییەکان زیان بە کۆمپانیا ئیتاڵییەکان دەگەیێنن و بۆ بەکاربەر و کڕیارە ئەمریکییەکانیش نادادپەروەرانە دەبێت."
کورتهێنان و زیادەی بازرگانی
کورتهێنان و زیادەی بازرگانی یەکێکن لەو هۆکارانەی ترەمپ ئەو بڕیارە بدات، ئەمە واتا چی؟
بۆ نموونە، لە ساڵی 2024ـدا ئەمریکا بەبڕی 295 ملیار دۆلار کورتهێنانی بازرگانی لەگەڵ چین هەبوو. کورتهێنانی بازرگانی واتا، وڵاتێک کاڵای زیاتر هاوردە دەکات و کەمتر هەناردە دەکات. واتا ئەمریکا، بەبڕی 295 ملیار دۆلار بەرهەمی چینی هاوردەکردووە، وەک لەوەی هەناردەی کردبێت.
ئەمریکا لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا 236 ملیار دۆلار کورتهێنانی هەبوو، 172 ملیار لەگەڵ مەکسیک، 123 ملیار لەگەڵ ڤێتنام و 74 ملیار دۆلاریش لەگەڵ تایوان کورتهێنانی بازرگانی هەبووە.
لە بەرامبەردا، لەگەڵ ئوسترالیا 18 ملیار دۆلار زیادەی بازرگانی هەبووە، ئەمەش واتا کاڵای زیاتری هەناردە کردووە نەوەک هاوردەی کردبێت. لەگەڵ بەریتانیا 12 ملیار و لەگەڵ بەرازیل 7 ملیار دۆلار زیادەی بازرگانی هەبووە.
سعودیە تاکە وڵاتە کە ئەمریکا باڵانسەکەی سفرە لەگەڵی، ئەمەش واتا قەبارەی هاوردە و هەناردەکردنی نێوان واشنتن و ریاز وەکو یەکە.
ترەمپ 20-01-2025 هاتەوە کۆشکی سپی، دوای 10 هەفتە بڕیاری دا: 20٪ باج بخاتە سەر هەموو کاڵاکانی چین. 25٪ باجی خستەسەر ئاسن و ئەلەمنیۆمی ئەورووپا کە قەبارەی بازرگانییەکەی 150 ملیار دۆلارە. هەروەها، باجی 25٪ لەسەر زۆربەی کاڵاکانی کەنەدا و مەکسیک هەڵگرت، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ چوارشەممە ئەو باجە دووبارە بسەپێندرێتەوە.
ئەمەش بەو مانایە دێت کە باجەکان کەڵەکە دەبن، بۆ نموونە، 25٪ باج دەخرێتە سەر کاڵاکانی مەکسیک، 25٪ باج دەخرێتە سەر هەر ئۆتۆمبێلێک لە مەکسیکەوە هەناردەی ئەمریکا بکرێت، هەروەها باجی 2.5٪ـیش لەسەر هەموو کاڵاکانی مەکسیکە، ئەمەش بەهۆی ئەو نیگەرانییانەی ئەمریکا لەبارەی دەرمانی سڕکەری فێنتانیل هەیەتی.
رێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە
هاوبەشە بازرگانییەکان لە یەکێتیی ئەورووپاوە تاوەکو کەنەدا و مەکسیک بەڵێنیانداوە کە بە باج و رێوشوێنی دیکە وەڵام بدەنەوە، تەنانەت هەندێکیان هەوڵیانداوە لەگەڵ کۆشکی سپی گفتوگۆ بکەن.
لە ئوسترالیا، سەرۆکوەزیران ئەنتۆنی ئەلبانیز گوتی، لە بەرامبەر باجەکانی ئەمریکا کە رووبەڕووی گۆشتی مانگای ئوسترالی دەبێتەوە، دەجەنگن.
ئۆفیسی مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند، دوێنێ سێشەممە لەگەڵ کلاودیا شێنبۆم، خانمە سەرۆکی مەکسیک باسیان لە پلانی کەنەدا بۆ "بەرەنگاربوونەوەی کردەوە بازرگانییە نادادپەروەرەکانی" ئەمریکا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ