رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ بەرزبووەوە، دوای ئەوەی رۆژی رابردوو ئاستێکی نوێی مێژوویی بۆ چەندەمین جار لەمساڵدا تۆمارکرد.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 2-4-2025) لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ بەڕێژەی 0.7٪ بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی بە 3131 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی سێشەممە، نرخی زێڕ گەیشتبووە 3148.8 دۆلار کە بەرزترین ئاستی بوو لە مێژووی نرخی کانزای زەرد دا دواتر کەمێک دابەزی.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا، بەڕێژەی 0.4٪ بەرزبووەوە بۆ 3159 دۆلار.
فیلیپ نیومان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای (مێتاڵ فۆکەس) کە کۆمپانیایێکی ناسراو و پێشەنگی شیکردنەوە و راوێژکارییە لەبارەی نرخی کانزا گرانبەهاکان، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونە بەرچاوەکانی نرخی زێڕ، خواست بۆ کڕینی زێڕە وەک پەناگەیەکی ئارامی وەبەرهێنان لە کاتی دوودڵی و بێ متمانەیی لە بازاڕەکاندا."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "ئەگەری سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا، بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی نرخی زێڕ لە چەند مانگی داهاتوودا بەرزبێتەوە بۆ 3300 دۆلار."
بڕیارە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خولێکی دیکەی پێناسە گومرگییەکان بەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانی بسەپێنێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆی بە (Liberation Day) واتا "رۆژی رزگاربوون" ناوبردووە.
جێبەجێکردنی پێناسە گومرگییەکان لەلایەن ترەمپەوە، دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و تووندکردنەوەی شەڕی بازرگانی.
کۆشکی سپی پشتڕاستی کردووەتەوە، ئەمڕۆ پێناسە گومرگییەکان رادەگەیێنرێن، بەڵام هێشتا وردەکاریی لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
ئاکاش دۆشی، شرۆڤەکارێکی دیکەی بازاڕە داراییەکانە و پێیوایە لە ماوەی 9 مانگی داهاتوودا؛ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەرزدەبێتەوە بۆ 3400 دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ