ئێران: ساڵی رابردوو بایی 35.8 ملیار دۆلار نەوتمان هەناردەکردووە

02-04-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گومرگی ئێران دەڵێت، لە ساڵی رابردووی هەتاوییدا بایی زیاتر لە 35 ملیار دۆلار نەوتیان هەناردەکردووە و قەبارەی بازرگانیشیان 153 ملیار دۆلار بووە.
 
رۆژی سێشەممە 2-4-2024، محەممەد رەزوانیفەر، بەڕێوەبەری گومرگی ئێران رایگەیاند، لە ساڵی رابردووی هەتاوییدا (نەورۆزی 2023 بۆ نەورۆزی 2024)، بایی 35 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار نەوتیان هەناردەکردووە.
 
سەرەڕای سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا لە ساڵی 2018 لە لایەن ئیدارەی ئەو کاتی ئەمریکاوە، کڕینی نەوتی ئێران لە لایەن چینەوە هاوسەنگیی بازرگانیی ئێرانی پاراستووە.
 
رەزوانیفەر دەڵێت، بێ هەناردەکردنی نەوت، ئێران تووشی کورتهێنانی بازرگانی بە بڕی 16 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار دەبوو.
 
ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژە بەوە دەکات، لە ساڵی دارایی رابردوویاندا، قەبارەی بازرگانیی وڵاتەکەیان 2.6٪ زیادبووە بەراورد بە ساڵێک پێشتر.
 
بە گوتەی رەزوانیفەر، لەو ساڵەدا قەبارەی بازرگانیی ئێران گەیشتووەتە 153 ملیار دۆلار. لەو بڕەش، 86 ملیار و 800 ملیۆن دۆلاری هەناردەی کاڵای ئێران بووە بۆ وڵاتانی دیکە.
 
سەرەتای ئەم مانگە جەواد ئۆجی، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، لەنێوان 19ـی ئاداری 2023 و 18ـی ئاداری 2024دا بایی 50 ملیار دۆلار نەوت و گازیان هەناردە کردووە.
 
ساڵی 2018، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی 2015ـی ئێران کشاندەوە و سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.
 
لەو کاتەوە هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران نییە. دامەزراوەکانی تایبەت بە نەوت، بەدواداچوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و داتای مانگی دەستکرد و بەندەرەکان بەکاردێنن بۆ چاودێریکردنی هەناردەی نەوتی ئێران.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە