بانکی جیهانی: شەڕ زیانی 18.5 ملیار دۆلاری لە ژێرخانی غەززە داوە
رووداو دیجیتاڵ
بانکی جیهانی دەڵێت، شەڕ زیانی 18.5 ملیار دۆلاری لە ژێرخانی غەززە داوە و ناسەقامگیریی ئاسایشی خۆراکیش تەواوی دانیشتووانی کەرتەکەی گرتووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 2-4-2024 بانکی جیهانی لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، شەڕی نێوان ئیسرائیل لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی غەززە زیانی 18 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری بە ژێرخانی غەززە گەیاندووە.
بانکی جیهانی دەڵێت، ئەو ژمارەیە یەکسانە بە 93٪ـی کۆی بەرهەمی ئابووریی کەرتی رۆژئاوا و غەززە لە ساڵی 2022.
راپۆرتەکە کە بە هاوئاهەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا ئامادەکراوە، دەڵێت، زیانەکە "سەرجەم کەرتە ئابوورییەکان"ـی گرتووەتەوە و 70٪ـشی لە وێرانبوونی باڵەخانەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.
بەپێی دوایین ئامار، لە دەستپێکردنی شەڕ لە 7ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، نزیکەی هەزار و 160 کەس لە ئیسرائیل و 32 هەزار و 916 کەسیش لە غەززە کوژراون.
هێرشی ئاسمانیی چڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکانی زۆرێک لە ناوچەکەی کردووەتە "وێرانە" و 26 ملیۆن تۆن پاشماوە کۆبووەتەوە.
بانکی جیهانی دەڵێت، جگە لە زیانە ئابووری و مادییەکان، بەو ئەنجامەش گەیشتوون کە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی غەززە لە لێواری برسێتیدان و تەواوی دانیشتووانەکەشی رووبەڕووی "ناسەقامگیرییەکی تووندی ئاسایشی خۆراک و بەدخۆراکی بوونەتەوە".
بەپێی خەمڵاندنی بانکی جیهانی، 84٪ـی دامەزراوە تەندروستییەکانی غەززە زیانیان بەرکەوتووە یان رووخاون و زیاتر لە 75٪ـی دانیشتووانەکەشی ئاوارە بوون و ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک هاوڵاتیی غەززە بێ ماڵ و حاڵن.
راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە سیستمی ئاو و پاکوخاوێنیی غەززە وێران بووە و "نزیکە لە هەرەسهێنان و تەنیا 5٪ـی ئاوی پێش شەڕ دابین دەکات".
بەپێی بانکی جیهانی، 100٪ـی منداڵانی غەززە بەهۆی داڕمانی سیستمی پەروەردەوە ناتوانن بچنە قوتابخانە؛ هەروەها 92٪ـی رێگە سەرەکییەکانیش زیانیان بەرکەوتووە یان وێران بوون.