رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق دوای دوو رۆژ پشووی هەفتە، زیاتر لە 236 ملیۆن دۆلاری خستەڕوو، بەراورد بە کاتی کردنەوەی بازاڕیش بەهای دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 149 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەندامێکی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر دەڵێت، "دۆلار زۆرە و خواست لەسەری کەمە."
رۆژی یەکشەممە 2ی نیسانی 2023، بانکی ناوەندیی عێراق 236 ملیۆن و 649 هەزار و 75 دۆلاری خستەڕوو، لەو بڕە 189 ملیۆن و 699 هەزار و 75 دۆلاری بۆ حەواڵە و 46 ملیۆن و 950 هەزاریشی بۆ نەختینە بووە.
کاژێر 11:40ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهای 100 دۆلار بە 149 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، لە بازاڕدا دۆلار زۆرە و خواست لەسەری کەمە، ئەوەش بە هۆکارێکی سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای دینار دەزانێت.
هاوکات لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش هاوشێوەی هەولێر، بەهای 100 دۆلار 149 هەزار و 250 دینارە.
ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا بەهای 100 دۆلار 150 هەزار و 150 دیناری عێراقی بوو.
بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار، رۆژی 07-02-2023 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ئەنجوومەنی ئیدارەی بانکی ناوەندیی عێراقی پەسند کرد، بەوەی دەستکاریی نرخی فرۆشتنی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بکرێت، بە شێوەیەک 100 دۆلار ببێتە 130 هەزار دینار، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بەهای بەگوێرەی رێکارەکانی بانکەکە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزنەبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ