سۆمۆ بۆ رووداو: بەمنزیکانە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت رادەگەیێنین

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق - سۆمۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن و "لەسەر چەندین خاڵ رێککەوتووین." 
 
لە نزیکترین کاتدا، وەک کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق دەڵێت، رێککەوتنەکە رادەگەیێنن. 
 
ئەمە لەکاتێکدایە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە وەزارەتی نەوتی عێراق دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە چەند کاژێری داهاتوودا دەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ژوورێکی هاوبەش بە ئەندامێتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق - سۆمۆ دروست دەکرێت کە "ئەرکیان فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێت." 
 
رۆژی شەممە، 1ـی نیسانی 2023، پێگەی ئەلمۆنیتەر کە بنکەی سەرەکی لە واشنتنی ئەمریکایە دەڵێت: "چاوەڕواندەکرێت بەرپرسانی عێراق و تورکیا لە ماوەیەکی نزیکدا کۆببنەوە بۆ ئەوەی تاوتوێی رێوشوێنی نوێ بۆ هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی تورکیاوە بکەن." 
 
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە پێگەی ئەلمۆنیتەری راگەیاندووە، شاندێکی حکومەتی عێراق "لەماوەیەکی نزیکدا" بۆ دانوستاندن سەردانی ئەنقەرە دەکات و جەختی لەوە کردووەتەوە کە "نە لایەنی تورکی و نە لایەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دادگەی نێوبژیوانییان رەتنەکردووەتەوە". ئەوەش وەکو خۆی دەڵێت، رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ "سەرەتایەکی نوێ." 
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەی ئاگادار و باڵاوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، رۆژی هەینی 31ـی ئاداری 2023 کۆبوونەوەیەکی "ئەرێنی" لەنێوان نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق دا هەبووە، تێیدا لەسەر شێوازێکی نوێی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێوەی هاوبەش رێککەوتوون.
 
ئەو رێککەوتنە چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەی بەدوادا دێن بۆ رێککەوتن لەسەر روونکردنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی کڕیاری نوێ بەشێوەی هاوبەش بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهان، لە پاڵ ئەو کڕیارانەی تائێستا نەوتی هەرێمی کوردستانیان کڕیوە، بەوشێوەیەش ئەم رێککەوتنە دڵنیایی دەداتە کۆمپانیا بەرهەمهێن و کڕیارەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان.