وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ رووداو: ئەمساڵ جووتیاران لەماوەی دوو هەفتەدا پارەی گەنمەکانیان پێدەدرێت

رووداو دیجیتاڵ 

عێراق ئامادەکاریی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کردووە، کە ئەمساڵ لەنێوان مانگی نیسان بۆ تەمموز وەرگرتنی گەنم بەردەوام دەبێت. گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەڕێگەی رووداوەوە دەڵێ پێدانی پارەی گەنمی جووتیاران، ئەمساڵ دواناکەوێت و لەماوەی دوو هەفتە لەدوای رادەستکردنی گەنمەکەیان، جووتیاران پارەکەیان پێدەدرێت.
 
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەمڕۆ (یەکشەممە، 2-4-2023) لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بۆ وەرزی دروێنەی ئەمساڵ بە رووداوی گوت "بەپێی ئەو خشتەیەی دامانناوە، بڕیارە ئەمساڵ بڕی سێ ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران لە سەرتاسەری عێراق وەربگرین، بڕی 850 دیناریش بۆ کڕینی هەر تۆنێک دیاریکراوە".
 
روونیشیکردەوە "سەرباری کەمیی ئاو و کەمی رێژەی بارانبارین، بەڵام چاوەڕوان دەکەین ئەمساڵ لە ساڵی پار زیاتر گەنم لە جووتیاران وەربگرین، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو سایلۆکانمان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ئامادەکردووە".
 
تایبەت بە پێدانی پارەی گەنمی جووتیاران کە ساڵانی رابردوو کێشەی تێدابوو، گوتەبێژەکە ئاشکرای کرد "بەپێی رێنماییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیارە لەماوەی دوو هەفتەدا لەدوای رادەستکردنی گەنمەکەی، جووتیارەکە پارەی خۆی وەربگرێت و ئەمساڵ پێدانی پارەی گەنمی جووتیاران دواناکەوێت، جگە لە هاندان بۆ جووتیاران، ئەمساڵ کارەکان زیاتر رێکخراوتر دەبن".
 
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش گوتی "نوێنەرێکی هەرێمی کوردستان لە لیژنەکەماندا بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران هەیە، وەرزی پار هەرێمی کوردستان زۆر هاوئاهەنگبوو لە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و، ئومێد دەکەین ئەمساڵیش بەو شێوەیە بەردەوام بێت، رێژەی گەنمی هەرێمی کوردستان لە ساڵی پاردا بڕێکی زۆر گونجاو بوو".
 
 
چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان لە پار زیاتر بێت 
 
نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، لەبارەی گەنمی هەرێمی کوردستانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەمساڵ چەند گەنم بەرهەم بێت و بۆمان بێت، وەریدەگرین. واتە بڕێکی دیاریکراو نییە، چاوەڕوان دەکەین بەرهەمی وەرزی ئەمساڵ زیاتر بێت لە وەرزی پار، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیشەوە ئەوە دیاریکراوە پێدانی پارەی گەنم یەکسەر بێت، واتە لەماوەیەک کە دوو هەفتە زیاتر نەبێت، ئەو کێشەی ساڵانی دیکە هەبوو نامێنێت".
 
بەگشتی لە مانگی ئایاری ساڵی 2022ـدا وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند بڕی دوو ملیۆن و 200 تۆن گەنمی لە جووتیاران وەرگرتووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت بڕی وەرگیراوی ئەمساڵ زیاتر بێت.