داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی ئادار بۆ نیوە کەمبووەتەوە

رووداو- هەولێر

داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی ئادار بۆ نزیکەی نیو هێندە کەمبووەتەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە پێشبینی دەکات بەهۆی کەمبوونەوەی نرخی نەوت، بودجەی عێراق مانگانە چوار ملیار دۆلار کورتهێنانی هەبێت. 
 
سەرەڕای بەرزبوونەوەی هەناردەی نەوتی عێراق، لە مانگی ئادار بەراورد بە مانگی شوبات، داهاتی نەوت بۆ نزیکەی نیو ئەوەندە دابەزیووە. بەپێی راپۆرتی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئادار زیاتر لە 105 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەکراوە و هەر بەرمیلێک بەتێکڕا بە 21 دۆلار فرۆشراوە. کۆی داهاتەکەشی نزیکەی سێ ملیار دۆلار بووە. ئەمە لە کاتێکدایە قەبارەی فرۆشتنی نەوتی عێراق لە مانگی شوبات 98 ملیۆن بەرمیل بووە، کۆی داهاتەکەشی 5.5 ملیار دۆلار بوو. 
 
بودجەی 2020ـی عێراق لەسەر بنچینەی نرخی نەوتی 56 دۆلاری رێکخراوە و هێشتا پەسندنەکراوە، بەڵام دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئاستی 20 دۆلار کورتهێنانی بودجە بەڕادەیەکی بەرچاو بەرزدەکاتەوە. عێراق لە پاش سعودیە دووەم گەورەترین هەناردەکاری نێو رێکخراوی ئۆپێکە و زیاتر لە 90%ـی داهاتەکەی لەڕێگەی نەوتەوەیە. 
 
ئێستا نەوتی برێنت لە دەوروبەری 25 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەوەش نرخێکە 18 ساڵ لەمەوبەر نەوت بەم نرخەی مامەڵەی پێوەکراوە. سەرەڕای کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت بەهۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، شەڕی نرخی نەوتیش لەلایەن سعودیەی گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی نێو ئۆپێک و رووسیای دەرەوەی رێکخراوی ئۆپێک هێندەی دیکە بازاڕی نەوتی ناسەقامگیرکردووە.