تورکیا بەدوای جێگرەوەی گازی سرووشتی رووسیا دەگەڕێت

04-04-2016
رەسەن رەمزی
.....
.....
نیشانەکردن گازی سرووشتی
A+ A-

رووداو - ئیستەنبوڵ

حکومەتی تورکیا بە گرینگییەوە لە هاوردەکردنی گازی سرووشتی باشووری کوردستان دەڕوانێت، بۆ جێگرتنەوەی گازی رووسیا، کە ئێستا گازی سرووشتی رووسیا سەرچاوەی سەرەکی پڕکردنەوەی پێداویستیە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەیە.  شارەزایانی وزە دەڵێن "راستە گازی سروشتی باشووری 
کوردستان بۆ تورکیا گرینگە، بەڵام ناتوانێت وەکو پێویست پێداویستی نێوخۆی ئەو وڵاتە پڕبکاتەوە".

سۆهبەت کاربوز، سەرۆکی یەکێتی وڵاتانی دەریای ناوەڕواست بۆ پرسی وزە دەڵێت "گازی سرووشتی باشووری کوردستان بۆ تورکیا گرینگە. بەگوتەی کۆمپانیاکانی وزە و حکومەتی هەردوو لا باس لە هەناردەی برێکی جیدی لەو گازە دەکرێت بۆ تورکیا و ئەمەش بەسێک لە پێداویستییەکانی نێوخۆی تورکیا چارەسەر دەکات و بۆ تورکیاش سەرچاوەیەکی نزیکە. بەڵام هاتنی گازی سرووشتی هەرێمی كوردستان بۆ تورکیا مانای ئەوە نییە کە تورکیا زرگاربکات لەوەی چیدیکە پشت بە گازی سروشتی روسیا نەبەستێت".

بڕیار وایە گازی سروشتی باشووری کوردستان لە دوو ساڵی داهاتوودا هەناردەی دەرەوە بکرێت و هەناردەکەش لەڕێگەی تورکیاوە بێت. شارەزایان پێیان وایە بەرهەمهێنان و گواستنەوەی گازی سرووشتی باشووری کوردستان بۆ تورکیا پێویستی ژێرخانی لەبار و وەبەرهێنانی جیدیە.

دیلەک ئۆزئالتنئای، سکرتێری گشتی دەزگای پێتفۆڕمی وزە ئاماژە بەوە دەكات، گەیاندنی  گازی سرووشتی باشووری کوردستان بۆ تورکیا زۆر گرینگە چونکە هەم نزیکە و هەم لە گواستنەوەیدا تێچوویەکی کەمتری هەیە. بەڵام ئەوەی لەگەڵ شارەزایانی بواری وزەش کۆکین لەسەری ئەوەیە کە پێویستە زەمینی یاساییەکان تەواوبکرێت وەبەرهێنانی جیدی بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بکرێت. لە تورکیا دەبێت ژێرخانی لەبار ئامادە بکرێت تاوەكو پێشوازی لە گازی سرووشتی باشووری کوردستان بکات".

تورکیا لە بەرهەمهێنانی تەزووی کارەبا بەڕێژەی 92% پشتی بە گازی سرووشتی بەستووە. بۆ پێداویستییەکانی دیکەی نێوخۆیی گازی سروشتی لە دەرەوە دابین دەکات. 

تورکیا ساڵانە زیاتر لە 51 ملیار مەتر سێجا گازی سروشتی بەکاردەهێنێت، کە رێژەی 67% لەلایەن رووسیاوە دابین دەکرێت. لەگەڵ  قوڵبونەوەی قەیرانی نێوان تورکیا و روسیاش، تورکیا نایەوێت چیدیكە پشت بە رووسیا ببەستێت، بۆیە بەدوای دۆزینەوەی سەرچاوەی جێگرەوەیە لە دابینکردنی گازی سرووشتی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە