نرخی تمەن بۆ نزمترین ئاست لە ساڵێکدا دابەزی

02-03-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی هەڵبژاردنەکانی ئێرانەوە، نرخی تمەن بەرامبەر بە دۆلار بۆ نزمترین ئاست لەماوەی زیاتر لە ساڵێکدا دابەزی و دۆلارێک گەیشتە زیاتر لە 60 هەزار تمەن. 
 
لە هەرێمی کورستانیش 100 دۆلار بە کەمتر لە شەش ملیۆن تمەنە و نرخی دیناریش جێگیرە.
 
ئەمڕۆ شەممە، 2.3.2024 رەوەز جەزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ نرخی تمەنی ئێرانی لە بازاڕی دۆلارەکە زیاتر دابەزیوە و 100 دۆلار بە حەواڵە بە 5 ملیۆن و 950 هەزار تمەن و، بە کاشیش بە نزیکەی 5 ملیۆن و 500 هەزار تمەنە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ، هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران، نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە 60 هەزار تمەن.
 
میدیا نێوخۆییەکانی ئێران دەڵێن، نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە بازاڕەکانی تاران 60 هەزار تمەنی تێپەڕاند و لە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەنێوان 59 هەزار و 800 بۆ 60 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەکراوە. 
 
میدیا نێوخۆییەکانی ئێران ئەو بەرزبوونەوەیەی نرخی دۆلار وەک یەکەم شۆکی دوای هەڵبژاردنەکان ناو دەبەن و هۆشداری دەدەنە حکومەت کە ئەگەر رێکاری گونجاو بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دراو نەگرێتەبەر، رەنگە تاوەکو نەورۆز نرخی دۆلار لە 70 هەزار تمەن نزیک ببێتەوە.
 
ئەمە نزمترین ئاستی نرخی تمەنە لەدوای مانگی شوباتی ساڵی 2023ـەوە.
 
بازرگانانی دراو لە بازاڕی دراوی تاران کە بە بازاڕی فێردەوسی ناسراوە، ئاماژە بە بەرزبوونەوەی خواست بۆ کڕینی دۆلار لە ناوخۆ دەدەن و پێیانوایە تاوەکو هەواڵی ئەرێنی لەسەر ئابووری ئێران و بەردەست بوونی نەختینەی دراوی بیانی روونەدات، بەهای دۆلار بەرامبەر بە تمەن روو لە بەرزبوونەوەی زیاتر دەکات.
 
بانکی ناوەندیی ئێران هەفتەی رابردوو بڕیاریدا بڕی ئەو دۆلارەی کە نرخی پاڵپشتیکراو دەیداتە گەشتیاران لە 500 یۆرۆوە بەرزبکاتەوە بۆ 1000 یۆرۆ. 
 
ئاڵوگۆڕکارەکەی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی لەبارەی نرخی دیناریشەوە دەڵێت، ئەمڕۆ جێگیرە و 100 دۆلار لەکاتی کردنەوە و داخستندا بە 150 هەزار و 900 دینارە.
 
رۆژانی شەممە بازاڕەکانی دراو لە عێراق و هەرێمی کوردستان ناکرێنەوە و پشووی فەرمییە، بانکی ناوەندیی عێراقیش هیچ بڕە دۆلارێک ناخاتە بازاڕەوە. بەڵام بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی رۆژانی شەممەش کراوەیە.
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە