فەلاح مستەفا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان: تورکیا ئامادەیە

02-03-2024
پەیمان محەممەد
 فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە
فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە
نیشانەکردن فەلاح مستەفا هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە دەڵێت، بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا گرنگە؛ لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، ئاماژە بەوە دەکات، ''تورکیا ئامادەیە.''
 
ئەمڕۆ (شەممە، 02-03-2024) فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''دەبێت سوود لەم کۆڕبەندە نێودەوڵەتییانە وەربگرین؛ خۆشحاڵین بە ئاستی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان."
 
فەلاح مستەفا گوتی، دەکرێ لە رێگەی ئەم کۆڕبەندانەوە پەرە بە پەیوەندییەکان بدرێت و ''دەرفەتی هاوکاری و هاوئاهەنگی بدۆزرێتەوە. بەو پێیەی جیهان لە گۆڕاندایە، دەکرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان هاوکار بین."
 
فەلاح مستەفا ئاماژەی بەوە کرد، ئاسایش و سەقامگیریی سەرجەم وڵاتان پێکەوە گرێدراوە و تێکچوونی سەقامگیریی وڵاتێک، مەترسییە بۆ سەرجەم وڵاتانی جیهان و، ''هەر گرفتێک هەبێت، هەموو بەرپرسیارن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هاوبەش."
 
رۆژی هەینی 1-3-2024 کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا دەستی پێکرد و حکومەتی تورکیا 19 سەرکردەی بانگهێشت کردووە کە یەکێکیان نێچیرڤان بارزانییە. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی هەینی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە؛ ئەمڕۆش لەگەڵ رومین رادێڤ، سەرۆککۆماری بولگاریا و یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کۆبووەوە.   
 
تورکیا ئامادەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان
 
رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دوای بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، راگیرا. فەلاح مستەفا لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستانەوە گوتی، ''ئێستا تورکیا بۆ ئەم بابەتە ئامادەیە، بەڵام پرسەکە زیاتر لەگەڵ بەغدا ماوەتەوە. هەر کاتێک هەولێر و بەغدا گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی، هەناردەکردنەوەی نەوتیش دەستپێدەکاتەوە.''
 
رۆژی 1-3-2024ـیش فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا رایگەیاند، "بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و بۆرییە نەوتییەکانیش لە تورکیا ئامادەن."
 
فوئاد حوسێن ئەوەی خستەڕوو کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەیان کردووە و پێیان گوتراوە، هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت ئامادەیە.
 
فوئاد حوسێن هیوای خواست حکومەتی هەردوو وڵات مانگی داهاتوو لە بەغدا کۆببنەوە و لەسەر بنەمای راپۆرتە ئامادەکراوەکان، پلانێک بۆ چارەسەری ئەو بابەتە دابنێن.
 
وەزیری دەرەوەی عێراق لەو بارەوە زیاتر دوا و گوتی، "هەندێک کێشە هەن. کێشەکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نین؛ ئەوان گەیشتوونەتە رێککەوتن، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە، بەغدا پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نەوتییانەدا بکات کە لە کوردستانی عێراق کار دەکەن."

 

 
''سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق پەرە بە پەیوەندییەکان دەدات'' 
 
بڕیارە رۆژی 31ـی ئاداری 2024 هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەبچێت. فەلاح مستەفا گوتی، دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی عێراق دەکات.
 
یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە گوتیشی، ''خۆشحاڵین بە سەردانەکە، چونکە بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەکەی نێوان تورکیا و عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان و تورکیاش بەتایبەتی هاوکارە.''

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە