چاودێریی بازرگانیی سلێمانی: نرخی گۆشتی سوور بۆ 19 هەزار دینار زیادیکردووە


رووداو دیجیتاڵ

چاودێریی بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی زیندەقەپان و دابەزینی بەهای دینار، نرخی یەک کیلۆ گۆشتی سوور بۆ 19 هەزار دینار بەرزبووەتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت، گرانبوونەکە پەیوەندی بە نرخی ئالیکەوە هەیە کە ئێستا بووە بە 650 دۆلار. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 2-2-2023، سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نرخی گۆشتی سوور گرانبووە، ئێستا کیلۆیەکی بووە بە 19 هەزار دینار، گرانبوونەکەش دەگەڕێتەوە بۆ نرخی ئالیک، زیندە قەپان، گومرگ لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵ، دابەزینی بەهای دینار و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار. 
 
پارێزگای سلێمانی رۆژانە پێویستی بە 100 بۆ 120 تۆن گۆشتی سوورە. سۆران عەبدولغەفوور دەڵێت: "ئێستا ئەو بڕە لە بازاڕەکان هەیە، بەڵام ئاژەڵ کەمە و زیندەقەپانیش گران بووە، مانگی 11ـی پار زیندە قەپان بە 5 هەزار و 750 دینار بوو، بەڵام ئێستا بووە بە حەوت هەزار و 700 دینار، نرخی ئالیکیش گرانبووە و ئێستا بە نزیکەی 700 دۆلارە، گوشتیش بە دینار دەفرۆشرێت ئەو دووانەش پێچەوانەی یەکدین بۆیە نرخ گرانبووە، هاوکات دانانی گومرگیش کاریگەری خۆی هەیە."
 
هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان ساڵانە 14.4 کیلۆگرام گۆشت دەخوات، واتا بە گشتی هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 88 هەزار تۆن گۆشتی سوورە. 
 
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە رووداوی گوت: "ئێستا ئەو بڕە لە بازاڕەکاندا هەیە، بەڵام گۆشتی سوور هەنگاو بە هەنگاو گران بووە، گرانبووەنەکەش چەند هۆکارێكی هەیە، یەکەم؛ دوای کۆرۆنا بەگشتی نرخی خۆراک گرانبووە. دووەم؛ وشکەساڵی لە ئاستی جیهان و ناوچەکەمان روویدا لەکاتێکدا ئاژەڵ پشت بە لەوەڕگا سرووشتییەکانە و ئالیکی ئامادەکراو دەبەستێت و ئەوەش لە سەرچاوەکانییەوە گرانبووە."
 
فیراس سدیق گوتیشی: "زۆربەی کەرەستە ئالیکییەکان بە دۆلار هاوردە دەکرێن، گۆشتی سووریش بە دینار دەفرۆشرێت، نزیکەی سێ ساڵیشە وشکەساڵییە، بۆیە کەرتی ئاژەڵداری و ئاژەڵ بەخێوکردن لە گوندەکان زەحمەت بووە، چونکە لەوەڕگە سرووشتییەکان نەماون، هاوکات ئەم ماوەیەش ئالیک گرانبووە و ئێستا تۆنی بە 650 دۆلارە."
 
لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 112 هەزار سەر مەڕ، ملیۆنیک و 233 بزن ، 367 هەزار رەشەوڵاخ  بە نێر و مێوە هەن. فیراس سدیق، لەبارەی هەڵگرتنی گومرگ لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵ گوتی:" ساڵانە نزیکەی 120 هەزار سەر گۆلک هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بۆیە ناکرێت گومرگ لەسەر ئاژەڵ لاببرێت، ناکرێت دەرگا بکەینەوە بەبێ گومرگ چونکە کاریگەری لەسەر بەرهەمی خۆمانیش هەیە."