رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی ماڵپەڕی شەفافیەت کە تایبەتە بە خستنەڕووی داهاتە نانەوتییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، لە ساڵی 2024دا داهاتەکانی ئەو سنوورە زیاتر لە 897 ملیار دینار بووە، بەڵام بەراورد بە دوو ساڵ پێش ئێستا، کەمی کردووە.
بەپێی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین لە ساڵی 2024دا 897 ملیار و 403 ملیۆن و 982 هەزار دینار بووە. ئەوەش بەراورد بە پێرار زیاتر لە 276 ملیار دینار کەمی کردووە. بەوپێیەی داهاتی ئەو سنوورانە لە ساڵی 2023دا؛ یەک تریلیۆن و 173 ملیار و 990 ملیۆن و 914 هەزار و 465 دینار بووە.
بەپێی ماڵپەڕەکە، مانگی 12ـی ساڵی 2024، داهاتەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 53 ملیار و 166 ملیۆن دینار بووە.
ئەو بڕە پارەیەی كۆكراوەتەوە، 84٪ بە نەخت، 11٪ی بە چەك و لە 5٪یش بەشێوەی لەبرێتی (مەقاسە) بووە.
لەناو پڕۆژەی شەفافیەتدا سەرجەم داهاتەکانی سلێمانی دابەشکراون بەسەر شەش گەنجینەدا، هەر گەنجینەیەک کۆمەڵێک فەرمانگە و دامودەزگەی حکومی لە خۆ دەگرێت.
ئەو داهاتانە؛ داهاتی نێو گەنجینەکانی یەک، دوو، چەمچەماڵ، گەرمیان، راپەڕین و هەڵەبجەن و بەمشێوەیە دابەش دەبن:
- 28 وەزارەت و دەستە
- دوو دەستە
- 109 بەڕێوەبەرایەتیی گشتی
- 516 بەڕێوەبەرایەتی
- 781 فەرمانگە
- چوار هۆبە
- 516 بەڕێوەبەرایەتی
بە گوێرەی ماڵپەڕەکە، زۆرترینی ئەو داهاتانە لەم کەرت و بابەتانەدا کۆکراونەتەوە: باج و رسوماتی ئاو، کارەبا، گومرگەکان، مامەڵەکانی هاتووچۆ، تۆماری خانووبەرە و باجی كۆمپانیاكان.
رۆژی 15-12-2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماڵپەڕی شەفافیەتی راگەیاند.
ماڵپەڕی شەفافیەت لە 8 بەش پێکدێت و لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و دروشمەکەی "بە سیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"ـە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ