راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رووداو: یەک دۆلار دەبێتەوە 1460 دینار
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، یەک دۆلاری ئەمریکی دەبێتەوە 1460 دینار. دەشڵێت: بۆ سەقامگیریی بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، بانکی ناوەندیی عێراق بە دوو ئاراستە کاردەکات.
رۆژی دووشەممە 2-1-2023، د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە مێژووی دارایی عێراقدا، ئێستا یەدەگی دراوی بیانی عێراق، بەهێزترینە کە گەیشتووەتە نزیکەی 100 ملیار دۆلار. ئەمەش مانای وایە ترس و نیگەرانی نییە لەبارەی توانای دارایی عێراق لە سەپاندنی سەقامگیریی نرخی دیناردا."
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "بابەتی ئێستای بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، زیاتر پەیوەستە بە کاروباری کارگێڕی و رێکخستنەوە لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ حەواڵەی دەرەکی و ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی. بۆیە پلە بە پلە دینار دەگەڕێتەوە نرخی فەرمی خۆی، کە هەر دۆلارێک دەبێتەوە 1460 دینار، یان نزیک لەو نرخە."
د. مەزهەر محەممەد ساڵح زیاتر روونیکردەوە: "گۆڕانکاریی لە نرخی بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕدا، هۆکاری جیاوازی ناوخۆیی و دەرەکی هەیە."
سەبارەت بە هۆکارە ناوخۆییەکان، گوتی: "پەیوەستە بە نرخی دۆلاری کاش لە دەروازەکانی دراوی بیانی بانکی ناوەندیی عێراق و نووسینگە و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و بانکەکان. ساڵانە نزیکەی 10 ملیار دۆلار، بۆ مەبەستی گەشتوگوزار خەرج دەکرێت. ئەمەش ژمارەیەکی گەورەیە لە پڕکردنەوەی پێداویستی بازاڕی نێوخۆیی، بۆ مەبەستی گەشتکردن. بەڵام بە داخەوە هەندێک جموجۆڵی هەڵبەزین و دابەزینی لەنێو بازاڕی نێوخۆییدا هەیە کە لە دەرەوەی رێکارەکانی چاودێریی یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارەیە."
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: "دەسەڵاتی دراو (بانکی ناوەندی) بە دوو ئاراستە کار لەسەر سەقامگیریی بازاڕی فرۆشتنی دۆلار کاش دەکات. یەکەم: چاودێریکردنی بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕیی دراو، تاوەکو بە دروستی پارەی کاشی دۆلار بگاتە دەست گەشتیاران. هەر گەشتیارێک لە بری 3 هەزار دۆلار و 5 هەزار دۆلار وەربگریت. هەروەها دەکرێت ئەوانەی بۆ مەبەستی چارەسەر دەچنە دەرەوەی وڵات 10 هەزار دۆلار وەربگرن. هاوکات لقی بانکە فەرمیی حکومییەکان دۆلار بە نرخی فەرمی دەفرۆشنە هاووڵاتییان. لەگەڵ رەخساندنی کەشی کێبڕکێکردنی دراوی بیانی لە رێگەی فراوانکردنی خستنەڕووی دۆلاری کاشەوە."
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی ئاراستەی دووەم دەکات و دەڵێت: "ئاراستەی دووەم پەیوەستە بە حەواڵەکردنی دۆلار لە رێگەی دەروازەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ دەرەوە. پارەدارکردنی بازرگانی دەرەکی کەرتی تایبەت. حەواڵەی دەرەکی لە بانکەکانی دەرەوە نزیکەی 90٪ی کۆی خواست لەسەر دراوی بیانی پێکدەهێنێت لە دەروازەکانی بانکی ناوەندییدا. لەگەڵ بوونی سەرنج و رەخنە لەلایەن چاودێریی نێودەوڵەتی، لەبارەی نەبوونی زانیاری پێویست و بێگەرد کە ئەو بانکە ئەهلییانە بۆ کڕینی دۆلار پێشکێشی دەکەن."
وەک د. مەزهەر محەممەد ساڵح ئاماژەی بۆ دەکات، "داواکاری حەواڵەی هەندێک لە بانکە ئەهلییەکان رەتکراوەتەوە. دەبێت بانکە ئەهلییەکان رێکار و پێوەری پێویست بگرنەبەر کە بۆیان دیاریکراوە لە حەواڵەی دەرەکی و وردبینی لە داواکاری و بەڵگەنامەکان. ئەم کارەش هەنگاو بە هەنگاو بەرەو باشبوون دەڕوات."
لە رۆژانی رابردوودا ناجێگیرییەکی زۆر لە بازاڕەکاندا دروستبوو و بەهای دیناری عێراقی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی، لە رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو بەهای 100 دۆلار 159 هەزار دیناری تێپەڕاند و لە کۆتایی رۆژەکەدا دابەزییەوە. ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر لە چەندین بۆنەدا بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەکردووە کە پلانیان نییە دەستکاریی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بکەن.
رۆژی چوارشەممە 28-12-2022، ئیحسان یاسری، راوێژکاری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بانکەکەیان چەندین رێکاری گرتووەتەبەر بەمەبەستی دابینکردنی دۆلار، ئەوەش بەهۆی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕی نێوخۆییدا.
راوێژکاری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دووپاتیکردەوە: "لە رۆژانی داهاتوودا دۆلاری کاش بەشێوەیەک دەخرێتەڕوو کە تەواوی پێویستیی خەڵک فەراهەم دەکات."
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە بانکەکان پارەی هاووڵاتییان بە دینار خەرج ناکەن و ئەزموونی وڵاتی لوبنان لە عێراق دووبارە دەبێتەوە، ئیحسان یاسری گوتی، "ئەو زانیارییانە بە تەواوی ناڕاستن. دیناری زۆر بەردەستە لە بانکەکان و گەنجینەی بانکی ناوەندیی عێراق."