زیاتر لە 15 هەزار گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێندرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێ، زیاتر لە 15 هەزار و 700 گەشتی ئاسمانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەهۆی کۆرۆناوە، هەڵوەشێندرانەوە. ئەمریکا پشکی گەورەی زیانەکانی هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانی بەرکەوتووە.
ئاژانسی فرانس پرێس بە پشتبەستن بە داتاکانی کۆمپانیای "فلایت ئەوێر"ی ئەمریکی تایبەت بە گەشتە ئاسمانییەکان، بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو کاژێر 04:00ی بەیانی بە کاتی گرینیچ، 07:00ی بەیانی بە کاتی هەولێر لە رۆژی یەکشەممە 2-1-2022، لە ئەمریکا زیاتر لە 2 هەزار و 723 گەشتی ئاسمانی نێودەوڵەتی هەڵوەشێندراونەتەوە، کە ئەمەش زیاترە لە نیوەی کۆی گەشتە هەڵوەشێندراوە نێودەوڵەتییەکان لە جیهاندا، کە ژمارەیان تاوەکو هەمان رۆژ و کاژێر، 4 هەزار و 698 گەشت بووە.
لەسەر ئاستی گەشتە ناوخۆییەکانیش تاوەکو رۆژی شەممە، 1-1-2022، لە ئەمریکا زیاتر لە 5 هەزار و 993 گەشت هەڵوەشێندراونەتەوە، ئەمەش لە کۆی 11 هەزار و 43 گەشتی ناوخۆیی هەڵوەشاوە لەسەر ئاستی جیهاندا.
سەرهەڵدانی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن و بڵاوبوونەوەی لە جیهاندا، حکومەتەکانی هەندێ وڵاتی ناچارکرد رێنمایی و سنووردارکردنی نوێ دەربکەن، ئەوەش کاریگەری نەرێنی کردە سەر کارمەند و کۆمپانیاکانی گەشتە ئاسمانییەکان و تووشی کورتهێنانی کردن.
یەکێك لەو کۆمپانیایانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، کۆمپانیای سکای وێستی ئەمریکییە، کە زیاتر لە 23٪ی گەشتەکانی هەڵوەشێندراونەتەوە.