رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند فەرمانی خەرجکردنی بڕی 761 ملیار دیناری مووچەی مووچەخۆران گەیشتە لقی بانکی ناوەندی لە هەولێر.
ئەو پارەیە بەشی مووچەی یەک مانگی مووچەخۆران ناکات، کە ئەمڕۆ 46 رۆژ بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی 9 (ئەیلوول)ـیان تێدەپەڕێت.
بەپێی سەرچاوە باڵاکەی رووداو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارە بۆ تەواوکردنی بڕە پارەکە، بەشێکی لەلایەن عێراقەوە بنێردرێت، بەشەکەی دیکەشی حکومەتی هەریمی کوردستان بە داهاتی ناوخۆ پڕیبکاتەوە و مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆرانی پێ دابین بکات.
سەبارەت بە مووچەی مانگی 11ـش، هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغداوە رایگەیاند، "وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە؛ هیچ جیاوازییەک لەنێوان لیستی مووچەی مانگی 10 و 11ـدا نییە، بۆیە ئێوە کە بڕیارتان داوە 761 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی 10 خەرج بکەن، دەبێت بە هەمان شێوە ئەمەش خەرج بکەن."
ساڵانە لە 25ـی 12ـەوە وەزارەتی دارایی عێراق خەرجکردنی پارە رادەگرێت، ئەمەش یەکێکی دیکەیە لە گرفتەکانی بەردەم خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی 11 و 12ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
بەپێی سەرچاوەیەکی رووداو؛ رۆژی سێشەممە (26-11-2024) لە کۆبوونەوەیەکدا لە وەزارەتی دارایی عێراق تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رەزامەندیی نیشاندا بۆ ئەوەی بۆ مانگەکانی 10، 11 و 12، بۆ هەر مانگێک 760 ملیار دینار خەرج بکات.
ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە؛ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران، هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 9 ملیار دینارە، بەمەش کورتهێنان دروست دەبێت.
وەک سەرچاوەکەی رووداو باسی کردبوو؛ مەرجی ناردنی پارەکە ئەوەیە "هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆ رادەست بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ