بەڕێوەبەری فاستپەی: ئەمڕۆ نرخی کارتی مۆبایل لە ئەپلیکەیشنەکە هەرزان دەبێت

01-12-2022
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری فاستپەی رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ نرخی کارتی مۆبایل لە فاستپەی هەرزان دەبێت. گوتەبێژی فەرمی کۆمپانیای ئاسیاسێڵیش دەڵێت، پێویستە هەموو بریکارەکان پابەندبن بە دابەزاندنی نرخی کارتی مۆبایل و سەرجەم ئەو بریکارانەش کە بە نرخی گران کارتیان پێدراوە قەرەبوو دەکرێنەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 22-11-2022، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا لە 1ـی کانوونی یەکەمەوە نرخی کارتی مۆبایل هەرزان بکات. کارتێکی پێنج هەزاری لە شەش هەزار و 250 دینارەوە دەبێتە پێنج هەزار و کارتی 10 هەزاریش لە 12 هەزار و 500 دینارەوە دەبێتە 10 هەزار، بەڵام تاوەکو پێشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممەش کۆمپانیای فاستپەی، کە بریکاری فرۆشتنی کارتەکانی مۆبایلە، نرخی کارتی مۆبایلی هەرزان نەکردووە.
 
مەریوان زیاد بەکر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای فاستپەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی کارتی مۆبایل لە 12ی شەو جێبەجێ بووە، بەڵام پێویستە هەموو ئەو کارتانەی بە نرخی شەش هەزار بەرەو سەرەوە کڕیومانە بیگەڕێنینەوە بۆ کۆمپانیای سەرەکی و قەرەبوومان بکاتەوە، ئەو کات ئێمەش نرخەکە کەم دەکەینەوە." 
 
بە گوتەی بەرێوەبەری کۆمپانیای فاستپەی، ئەمشەو لە کاژێر 12:00 تاوەکو 7:00ـی بەیانی کاریان لەسەر کەمکردنەوەی نرخەکان کردووە و "بەدڵنیاییەوە ئەمڕۆ نرخەکان کەمدەکرێنەوە."
 
مەریوان زیاد گوتیشی: "خۆشحاڵین بە بڕیارەکەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن تەنانەت ئێمە وەک فاستپەی هاوبەشێکی بانکیمان هەیە کە ئێف ئای بییە ئەوانیش بەهەمانشێوە هەر دوو رۆژ پێش ئێستا نرخەکانیان دابەزاندووە."
 
هاوکات عومەر فاڵح، گوتەبێژی فەرمیی کۆمپانیای ئاسیاسێڵیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو خاوەن دووکان و سوپەرمارکێت و بریکارەکان ئاگادارکراونەتەوە کە دەبێت پابەندبن بەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بەڵام چەند شوێنێکی وەک فاستپەی و زەین کاش ماوەتەوە، ئەم بەیانییە پەیوەندیمان پێوەکردووەن و بەڵێنیان داوە کە نرخەکان دادەبەزێنن."
 
گوتەبێژی فەرمی ئاسیاسێڵ گوتیشی، ئەو بریکارانەی بە نرخی شەش هەزار بەرەو سەرەوە پێیان دراوە واتا بە نرخی پێشتر، هەموویان قەرەبوودەکرێنەوە "بە مەرجێک کارتەکانیان بەکارنەهێنابێت." 
 
پێشتر کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆمیش بەهەمانشێوە پابەندبوونی خۆی بە دابەزاندنی نرخی کارتەوە راگەیاندبوو.
 
رۆژی 6-11-2022، هیام یاسری، وەزیری گەیاندنی عێراق رایگەیاند: "هەموو هەوڵەکانی خۆم دەخەمەگەڕ بۆ کەمکردنەوەی نرخی کارتی مۆبایل."
 
لە ساڵی 2015ـەوە بەپێی یاسای بودجە، بە رێژەی 20% باجی سەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت لە عێراق زیادکرا و لە یاسای بودجەدا جێگیرکرا. بۆیە نرخی فرۆشتنی کارتی 10 هەزار دیناری بووە 12 هەزار و 500 دینار. هەروەها کارتی پێنج هەزار دیناری بووە شەش هەزار و 500 دینار.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی پەروێزخان.

گومرکی کرماشان: هەناردەمان بۆ عێراق لە 2.7 ملیار دۆلار نزیک بووەتەوە

بەپێی ئاماری فەرمیی گومرکی کرماشان، لە پێنج مانگی رابردوودا هەناردەی کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە بەراورد بە پار 130٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 2.7 ملیار دۆلار.