شەفافیەت: داهاتی هەفتەیەکی سلێمانی زیاترە لە 15 ملیار دینار

 
رووداو دیجیتاڵ 

ماڵپەڕی شەفافیەت رایگەیاند، داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 15 ملیار دینار بووە و بەراورد بە هەفتەی پێشتر زیاتر لە دوو ملیار دینار کەمیکردووە.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە رێککەوتی 26-10-2024 بۆ ئەمڕۆ هەینی، 01-11-2024، 15 ملیار و 245 ملیۆن و 120 هەزار و 948 دینار بووە.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، بەراورد بە هەفتەی پێشووی هەمان سنوور، داهاتەکە 2 ملیار و 339 ملیۆن و 842 هەزار و 77 دینار کەمیکردووە، واتە زیاتر لە 13%.
 
لە داتاکانی شەفافیەت دا هاتووە، داهاتی ئەو سنوورانە ساڵی رابردوو 1 ترلیۆن و 173 ملیار و 990 ملیۆن و 914 هەزار و 465 دینار بووە.
 
داهاتەکان نانەوتین و لە رێگەی شەش گەنجینە (گەنجینەی دوو، گەنجینەی یەک، گەنجینەکانی گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجە) کۆدەکرێنەوە.
 
رۆژی 15-12-2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ماڵپەڕی شەفافییەتی راگەیاند.
 
ماڵپەڕی شەفافیەت لە هەشت بەش پێکدێت و لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و دروشمەکەی "بە سیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"ـە.