وەزارەتى نەوتى عێراق: مانگی رابردوو داهاتی نەوت زیاتر لە 9 ملیار دۆلار بووە


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند، لە مانگى تشرینى یەکەمى رابردوودا 104 ملیۆن و 831 هەزار و 102 بەرمیل نەوت هەناردەکراوە و داهاتەکەیشى نۆ ملیار و 258 ملیۆن دۆلار بووە.
 
رۆژی یەکى تشرینى دووەمى 2022، وەزارەتى نەوتى عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڕى هەناردەى نەوتی بۆ مانگى تشرینى یەکەمى رابردوو بڵاوکردەوە.
 
لەو بڕە نەوتەی کە هەناردەکراوە، 102 ملیۆن و 70 هەزار و 427 بەرمیلى لە کێڵگەکانى نەوتى نێوەڕاست و باشوورى عێراقەوە بووە. دوو ملیۆن و 417 هەزار و 893 بەرمیل نەوتى دیکە لە کێڵگەکانى نەوتى کەرکووک و لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە بووە. 
 
تێکڕاى هەناردەى رۆژانەى نەوت لە مانگى رابردوودا، سێ ملیۆن و 382 بەرمیل بووە و تێکڕای نرخەکەیشی 88.31 دۆلار بووە بۆ یەک بەرمیل. بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، داهاتى هەناردەى نەوت لەو مانگەدا نۆ ملیار و 258 ملیۆن دۆلار بووە.  
 
ئەوە لەکاتێکدایە مانگى ئەیلوولی رابردوو، بڕى هەناردەى نەوت 98 ملیۆن و 765 هەزار و 153 بەرمیل بووە و داهاتەکەشى هەشت ملیار و 845 ملیۆن و 411 هەزار دۆلار بووە.