ماوەی پێنج ساڵە وەزارەتی کشتوکاڵ پەینی بەسەر جووتیاراندا دابەشنەکردووە

رووداو - هەولێر

ماوەی پێنج ساڵە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەینی کیمیایی بەسەر جووتیاراندا دابەشناکات. سەرباری دابەشنەکردنی پەین بەڵام بەپێی ئامارەکان ساڵ لەدوای ساڵ بەرووبوومی خۆماڵی زیاتر دەبێت. جووتیارانیش داوادەکەن حکومەت ئەو بڕە هاوکارییە بگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی بەرووبوومی زیاتر بەرهەمبهێنن.

ئێستا کە وەرزی کێڵان و تۆوکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەستیپێکردووە، هاوشێوەی چوار ساڵی رابردوو جووتیاران لەسەر گیرفانی خۆیان پەین و تۆو بۆ زەوییەکانیان دابیندەکەن.

پێنج ساڵە وەزارەتی کشتوکاڵ ئەو هاوکارییەی راگرتووە کە بۆ دابینکردنی لە 20%ی ی پەین و تۆو بۆ جووتیاران خەرجدەکرا، ئەوەش بازاڕی فرۆشیارانی پەین و توۆی گەرمکردووە و نرخیش لە 40% بەرزبووەتەوە.

حکومەتی عێراق ساڵانە بۆ هەر دۆنمێک زەوی ئاوی 25 کیلۆ و زەوی دێمیش 100 کیلۆ پەین بە پاڵپشتی لە 50% بەسەر جووتیاراندا دابەشدەکات بەڵام هیچ بڕێک بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان دابینناکرێت. پلانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەجێگەی پێدانی پەین چاودێریکردنی هاوردەکردنی جۆرەکانی پەینە بۆئەوەی جووتیاران زەرەرمەندنەبن.

ساڵی 2012 وەزارەتی کشتوکاڵ بڕی سێ هەزار و 100 تۆن پەینی بەسەر جووتیاراندا دابەشکردووە، ساڵی 2013 بری نۆ هەزار و 763 تۆن پەینی دابەشکردووە، بەڵام لە 2014ـەوە راگیراوە.