بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی

رووداو دیجیتاڵ

بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی و ئێستا 100 دۆلار بە زیاتر لە 153 هەزار دینارە و پێشبینی بەرزتربوونەوەی زیاتری بەهای دۆلار بەرامبەر دیناریش دەکرێت.
 
ئێستا لە بەشێک لە نووسینگەکان بە نزیکەی 155 هەزار دینار 100 دۆلار دەفرۆشرێت، بەڵام بە زیاتر لە 153 هەزار دینار وەریدەگرن.

ئەحمەد حاجی سابیر، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای هێرشە مووشەکییەکەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزی و 100 دۆلار بە 152 هەزار و 800 دینار مامەڵەی پێوە کرا.

ئەو ئاڵۆگۆڕکارەی دراو گوتی، ئەگەر ئیسرائیل وەڵامی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بداتەوە، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر دادەبەزێت و رەنگە 100 دۆلار بگاتە 154 هەزار دینار.

ئەم نرخانەی دینار بەرامبەر دۆلار فەرمی نییە و تەنیا لە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو بەو نرخە مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەوەش بەهۆی داخستنی بازاڕەوە. لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان لە رۆژی چوارشەممە نرخەکان روونتر دەبنەوە.
 
کاژێر 07:30ی ئێوارەی رۆژی سێشەممە، سوپای پاسداران رایگەیاند، بە دەیان مووشەک هێرشی کردووەتە سەر خاکی ئیسرائیل، ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ "شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنییە، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان".

دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە کات و شوێنی خۆیدا وەڵامی هێرشە مووشەکییەکەی ئەمشەوی ئێران دەدەنەوە.