گومرگی سنە: لە 6 مانگدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان 3.2 ملیار دۆلار بووە

01-10-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گومرگی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە شەش مانگی رابردوودا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە زیاتر لە 3.2 ملیار دۆلار بووە؛ قەبارەی هەناردەش گەیشتووەتە 376 ملیۆن دۆلار.
 
فەرامەرز ئومێدی، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژی دووشەممە 30ی ئەیلوولی 2024 رایگەیاند، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی پارێزگاکە لە 21-03-2023 تاوەکو 21-09-2024، کە هەناردە و هاوردە و ترانزێتی کەلوپەل لەخۆدەگرێت، زیاتر لە سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە، کە بەراورد بە پار لە هەمان ماوەدا 14% زیادیکردووە.
 
بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە گوتی، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 746 هەزار تۆن شتومەک کە بایی 376 ملیۆن دۆلار بووە، لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە هەناردە کراوە.
 
بە گوتەی ئومێدی، ئەو کەلوپەلانەی هەناردە کراون بریتین لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، ئامێرەکانی کشتوکاڵی، مریشکی بەستوو، هێلکە، کتێب و شیری وشکی منداڵ.
 
بەڕێوەبەری گومرگی سنە ئاماژەی بەوەش کرد، لەو ماوەیەدا یەک ملیۆن و 640 هەزار تۆن کەلوپەل بایی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە ترانزێت کراوە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو 53% زیادیکردووە. گوتیشی، لەو ماوەیەدا هاوردەی کاڵا 41% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 331 ملیۆن دۆلار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە