بریکاری کۆمپانیای نیسان لە عێراق: ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە چین دروست ناکرێن گران دەبن


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کۆمپانیای فەزڵ لەتیفی بریکاری کۆمپانیای نیسان لە عێراق رایدەگەیێنێت، هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە چین دروست ناکرێن نرخیان زیاد بووە و زیاتریش دەبێت. بەڵام ئەوانەی لە چین دروست دەکرێن هیچ نرخیان نەگۆڕاوە.
 
دەروون خەسرەو، بەڕێوەبەری کۆمپانیای فەزڵ لەتیفی بریکاری کۆمپانیای نیسان لە عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: هۆکاری گرانبوونی نرخی ئۆتۆمبێلەکان "بریتین لە زیادبوونی داخوازی لەسەر مایکرۆچیپس، هۆکارە سرووشتییەکان و هەڵەی کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل. لە شەش مانگی رابردوودا ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە دەرەوەی چین دروست دەکرێن 20٪ نرخیان زیاد بووە."
 
نرخی ئۆتۆمبێل بەرزبووەتەوە و ئێستا کرێی گواستنەوە زیاد بووە و لەگەڵیشیدا شەڕی ئۆکراینا هەیە کە ئەوانەیش هۆکاری گرانبوونی ئۆتۆمبێلن. 
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە گوتی: "حەوت مانگ لەمەو پێش سەنی بە 11 هەزار دۆلار بوو، ئێستا بە 14 هەزار و 200 دۆلارە و گرانتریش دەبێت، لەبەر ئەوەی لە ئێران کرێی گواستنەوە لە 360-400 دۆلارەوە بووەتە هەزار دۆلار و شتێک. نزیکەی 90٪ی کۆمپانیاکان لە ئێرانەوە ئۆتۆمبێل دەهێنن."
 
دەروون خەسرەو باسی لەوە کرد، ئێستا کۆمپانیاکان بیر لەوە دەکەنەوە کە لە رێگەیەکی دیکەوە ئۆتۆمبێل بهێنن کە ئەویش ئومقەسر و تورکیایە، ئەو کاتەیش هیچ داهاتێکی گومرگی ئۆتۆمبێل ناچێتە سلێمانی. لەم مانگەوە بەشێکی زۆری کۆمپانیاکان رێگەی هێنانی ئۆتۆمبێل دەگوازنەوە بۆ تورکیا و ئومقەسر.
 
ئازاد شمقار، ئەندامی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانیی سلێمانی گوتی: "ئێمە لەم بارەیەوە کەمتەرخەم نەبووین، بەڵام زۆر جار هەندێک بڕیار کە لە حکومەتەوە دەردەچن، کاتێک دەگەنە سنووری سلێمانی وەک خۆیان جێبەجێ دەکرێن، بەڵام لە هەندێک ناوچەی دیکە بەتەواوەتی جێبەجێ ناکرێت. هەمیشە هەوڵ دەدەین رێژەی داهاتی گومرگەکانی سنووری سلێمانی زیاد بکرێت."
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانیی سلێمانی گوتی: "650 هەزار ئۆتۆمبێل لە شاری سلێمانیدا هەن. لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تاوەکو مانگی نۆ لە دەروازەی سنووریی باشماخەوە 24-25 هەزار ئۆتۆمبێل هێنراونەتە ناوەوە. بە تێکڕا هەر ئۆتۆمبێلێکیش نزیکەی 2500 دۆلار گومرگی بووە. ئەگەر ئەوە بگوازرێتەوە بۆ سنوورێکی دیکە، داهاتی سلێمانی زیانێکی زۆری بەردەکەوێت. ئەگەر ئەمە روو بدات، ساڵانە نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار زیان بەر داهاتی سلێمانی دەکەوێت."
 
دەروون خەسرەو هۆکارێکی دیکەی گرانبوونی ئۆتۆمبێلی بۆ کەمبوونەوەی مایکرۆچیپس گەڕاندەوە و کە لە هەموو ئامێرێکی ئەلیکترۆنیدا بەکاردەهێنرێت.
 
روونی کردەوە، لە سەردەمی کۆرۆنادا مایکرۆچیپس داخوازییەکی زۆری لەسەر بوو کە بۆ هەموو ئامێرێکی کارەبایی و ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنرێن. دروستکردنی یەک مایکرۆچیپسیش نزیکەی دوو مانگی پێدەچێت، هەروەها شەش مانگیشی پێدەچێت تاوەکو لەگەڵ ئەو ئامێرەدا بیگونجێنن کە بۆی بەکاردەهێنن. بۆیە ئەگەر کۆمپانیایەک بیەوێت مایکرۆچیپس بکڕێت، دەبێت ساڵێک پێشتر داوا بکات کە چەند دانەی دەوێت."
 
بە گوتەی دەروون خەسرەو، هەڵەی کۆمپانیاکانیش ئەوە بوو کە لایان وابوو زۆری پێبچێت و قەدەخەی هاتووچۆکە ساڵ زیاتر بخایێنێت، ئەوە بوو داواکارییەکانیان بۆ کڕینی مایکرۆچیپسەکان هەڵوەشاندنەوە.  
 
دەروون خەسرەو گوتی: "مایکرۆچیپس لە هەموو وڵاتێک دروست ناکرێت. 63٪ـی لە تایوان دروست دەکرێت، 18٪ی لە کۆریا و 7٪ـی لە چین و ئەوی دیکەیش لە چەند وڵاتێکی دیکە دروست دەکرێت. ئێستا جیهان رۆژانە پێویستی بە 100 ملیار مایکرۆچیپسە و دروستکردنەکەیشیان پارەیەکی خەیاڵیی تێدەچێت کە لەنێوان 7-15 ملیار دۆلارە. ئەمریکایش 43٪ـی مایکرۆچیپسی هەموو جیهان بەکاردەهێنێت و ئێستا هەوڵ دەدات دروستی بکات."
 
بەڕێوبەری کۆمپانیای فەزڵ لەتیف باسی لەوەش کرد کە هۆکاری سرووشتییش کاریگەریی لەسەر گرانبوونی ئۆتۆمبێل هەیە، وەک ئەو وشکەساڵییەی کە لە تایوانی داوە. ئەوەیش خۆبەخۆ دروستکردنی مایکرۆچیپسی کەمکردەوە. ئەگەر تایوان هەر شتێکی لێ بێت، ئەوا کێشە بۆ بەشێکی زۆری مایکرۆچیپسی جیهان دروست دەبێت.