ئیخلاس دلێمی: مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای عێراق دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

جێگرى سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، "بڕیار بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هەیە، چارەسەری کێشەی فه‌رمانبه‌رانی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمیش خراوەتەڕوو."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2024، ئیخلاس دلێمی، جێگرى سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا رایگەیاند: "پێشنیازی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانمان خستە بەردەم سەرۆکوەزیرانی عێراق، رێكاری پێویست بۆ ئەو پرسە گیراونه‌ته‌ به‌ر و له‌ رۆژانی داهاتوودا مووچه‌ی خانه‌نشینانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ خانه‌نشینانی حكومه‌تی فیدراڵ یه‌كده‌خرێن و هاوتا دەکرێن."
 
سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان و فه‌رمانبه‌رانی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی کوردستان، ئیخلاس دلێمی گوتی: "هه‌ندێك كێشه‌ی ته‌كنیكی تایبه‌ت به‌ ناوی فه‌رمانبه‌ران هه‌بوون، به‌تایبه‌ت فه‌رمانبه‌رانی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ مادده‌ی 140ـه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌وه‌ی كه‌ وه‌زیری دارایی له‌ راپۆرته‌كه‌شیدا ئاماژه‌ی پێكردووه‌، كه‌ نه‌یزانیوه‌ پێشتر له‌ ماوه‌ی 20 ساڵدا چه‌ندین كه‌س له‌و ناوچانه‌ دامه‌زراون و وردبینی بۆ ئه‌و ناوانه‌ ده‌كرا."
 
ئه‌مه‌ش وەک خۆی دەڵێت، "شتێكی ئاساییه‌، تایبه‌ت به‌ دواكه‌وتنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، به‌گوێره‌ی بڕیاری دادگای فیدراڵ پێویسته‌ هاوشێوه‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانیش خه‌رج بكرێت."
 
وەزارەتى دارایی عێراق بۆ مووچەى مانگى تەممووز 307 ملیار دینارى ناردووە، زۆربەى مووچەى مەدەنى و بەشێک لە مووچەى هێزە ئەمنییەکانیشى بۆ ئەو مانگە نەناردووە.
  
بەر لە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان، هەرێمى کوردستان پێویستى بە زیاتر لە 950 ملیار دینار بوو؛ بە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان مانگانە دەبێ زیاتر لە 54 ملیار دیناری دیکەش بنێردرێت.