رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری رایگەیاند، کێشەی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارە کراوە و لەم رۆژانەدا کێشەی مووچەی مانگی هەشتیش چارە دەکرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 01-09-2024، سەرۆککۆماری عێراق، وەزیر و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆبوونەوە.
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری و وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی زۆر باش و گفتوگۆیەکی زۆر باشمان کرد "لەبارەی بودجە و مووچە بوو، لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان، کێشەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵ و مەسائیلەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە خرانە بەرباس."
فوئاد حوسێن گوتی: "بڕیاردرا، پەرلەمانتاران بە هەموو فراکسیۆنەکانەوە پێکەوە کاربکەن و پێکەوە پەیوەندییان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق هەبێت بۆ ئەوەی چارەسەری مووچەی مانگی حەوت و هەشت و نۆ تا کۆتایی ساڵ بکرێت و بتوانن روونکردنەوەی هەرێمی کوردستان بدەن. وەزیرەکان رۆڵی خۆیان هەبێت وەک پێشتریش هەیانبووە."
فوئاد حوسێن جەختی لەوە کردەوە کە کێشەی مووچەی مانگی حەوت چارەسەر بووە؛ "هەوڵدەدەین لە ماوەیەکی کورتدا کێشەی مانگی هەشت چارەسەر بکەین."
گوتیشی: "ئەگەر کێشە تەکنیکییەکان چارە کران (کە چارە دەکرێن)، مووچە بەردەوام دەبێت وەکو ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە."
جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق رەتیکردەوە وەزیری دارایی عێراق گوتبێتی مووچەی مانگی حەوت بە قەرز دەنێرم؛ "تەیف سامی نەیگوتووە مووچەی مانگی حەوت بە قەرز دەنێرم بۆ هەرێمی کوردستان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ