رێکارەکان بۆ دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان بە هاوتاکراوی دەستیان پێکرد

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی خانەنشینان دەڵێت، لەسەر داوای وەزارەتی دارایی، رێکارەکانی تایبەت بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان بە هاوتاکراوی دەستپێکرد.
 
محەممەد داوود، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی راپەڕین ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەسەر بنچینەی ئەوەی پێمان گوتراوە، لە ئەمڕۆوە ئامادەکاریمان دەستپێکردووە بۆ رێکارەکانی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان."
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی راپەڕین کە سەر بە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانە، گوتیشی، "هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان کراوە و تەنیا ئامادەکردنی لیست، چەکی مانگی 07ـی 2024 و وردبینی لیستەکان لەگەڵ گەنجینە ماوە."
 
سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دوێنێ شەممە 31ی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رێگەی گەنجینەکانەوە ئاگادار کراینەوە کە بڕیار دراوە مووچەی مانگی تەممووزی خانەنشینان بە هاوتاکراوی دابەش بکرێت."
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ی ساڵی 2014ی پابەند کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.
 
ئێستا کەمترین مووچەی خانەنشینی هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینارە. یاساکە جێبەجێ بکرێت، کەمترینی دەبێتە 500 هەزار دینار، 100 هەزار دیناری زیادەش هەیە کە ماوەیەکە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زیادیکردووە.
 
بە گوتەی سادق عوسمان، جگە لە پلە باڵا و تایبەتەکان، بەرزترین مووچەی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان 918 هەزار دینارە و بە جێبەجێکردنی یاساکە بەگوێرەی بڕوانامە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و مووچەیان لانیکەم دەبێتە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار و بەشێکیشیان دەبێتە ملیۆنێک و 800 هەزار دینار.
 
هاوکات، سەرچاوەیەکی بەرپرس و ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، لیستی مووچەی خانەنشینان بە هاوتاکراوی لەلایەن بەغداوە پەسند کراوە.
 
بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خانەنشینانی یەکگرتوو، تەمەنی خانەنشینی دەبێتە 60ساڵ، هەر فەرمانبەرێکیش تەمەنی گەیشتبێتە 45 ساڵ و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت دەتوانێت بە ئارەزومەندانە خانەنشین بێت.
 
هەر بەگوێرەی یاساکە، لەکاتی خانەنشینی فەرمانبەر لە تەمەنی یاساییدا 12 مووچەی کاتی خزمەتی بەسەریەکەوە وەردەگرێت.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.
 
21-07-2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لیستی مووچەی خانەنشینانیان بە هاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو رەوانەی بەغدا کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان: مووچەی مانگی حەوت بە هاوتاکراوی دابەش دەکرێت

هاوکات، سەرچاوەیەکی بەرپرس و ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، لیستی مووچەی خانەنشینان بە هاوتاکراوی لەلایەن بەغداوە پەسەند کراوە و بڕە پارەیەکیشیان بۆ هاوتاکردنی تەرخانکردووە، بەڵام کەمە و بەشی هەموو خانەنشینان ناکات.