نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە بۆ مانگی رابردوو لە نێوان 18 بۆ 21 هەزار دینار دەبێت

01-09-2022
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر رایگەیاند: نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە بۆ مانگی رابردوو لە نێوان 18 بۆ 21 هەزار دینارە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانیش دەڵێت، نرخەکە لەنێوان 18 هه‌زار بۆ 19 هه‌زار و 750 دینار دیاریکراوە. لە پارێزگای دهۆکیش 18 هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێک دیاریکراوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1-9-2022، قارەمان مەولوود، بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی کارەبای موەلیدە بۆ مانگی ئاب لە نێوان 18 بۆ 21 هەزار دینارە".
 
نرخی موەلیدە لە مانگی ئاب بەراورد بە مانگی تەممووز زیادی کردووە، قارەمان مەولود دەڵێت: "راستە ئەو نرخە زۆرە، هۆکارەکاشی ئەوەیە مانگی تەممووز 275 کاژێر کارەبا بوو، بەڵام مانگی ئاب 330 کاژێرە کارەبامان دابین کردووە، واتا 55 کاژێر زیاتر بووە، بەشێکی زۆریشی بۆ قوتابخانەکان بووە، چونکە لە هەندێک قوتابخانە کارەبا نەبووە و ئێمە دابینمان کردووە." گوتیشی: "نرخی گازوایل هەرزانتر بووە، مانگی حەوت لیترێک بە هەزار دینار بوو، بەڵام لە مانگی هەشت بە 930 دینار بووە."
 
سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مانگی رابردوو ‌به‌ تێكڕا موەلیدە ئه‌هلییه‌كان لەنێوان 280 بۆ 300 كاژێر كاریان كردووە، بەمەش نرخی ئەمپێرێك كاره‌با لەنێوان 18 هه‌زار بۆ 19 هه‌زار و 750 دینارە، بەڵام نرخی ئەمپێرێك لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكه‌ جیاوازە به‌و پێیه‌ی به‌پێی ئه‌و پێوه‌ره‌ هه‌ژمارده‌كرێت كه‌ بۆ موه‌لیده‌كان دانراوه‌ و كاژێری كاركردنیان تۆمارده‌كات."
 
سەبارەت بە پارێزگای دهۆکیش، نرخی کاژێری کارەبای موەلیدە لە هەولێر و سلێمانی کەمترە. هەکار هرووری، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مانگی رابردوو موەلیدەکان لە دهۆک 265 کاژێر کاریان کردووە و نرخی ئەمپێرێک 18 هەزار دینارە و نرخی گازوایلیش نزیکەی 1000 دینار بووە."
 
لە پارێزگای هەڵەبجە نرخی کارەبای موەلیدە دیارینەکراوە. پێشەوا حەیدەر، سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگای هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "رۆژی یەکشەممە نرخەکان دیاری دەکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەیان گەنج لە بازاڕی گەنجان بەرهەمەکانیان نمایش کرد.

200 گەنج لە بازاڕی گەنجانی هەولێر بەرهەمەکانیان نمایش کرد

ئیلاف کچێکی 21 ساڵانە، لەگەڵ ئەوەی خاوەن پێداویستیی تایبەتە، بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن داهاتی خۆی، دەستی داوەتە کاری دەستی و کەلوپەلەکانی لە بازاڕی گەنجان نمایشکرد.