کۆمپانیایەکی کوردستان نزیکەی هەزار تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی هەناردەی ئیمارات دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ساڵانە بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی کوردستان لەنێوان 200 بۆ 250 هەزار تۆنە، کە 50%ی هەناردەی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت. پەتاتە لووتکەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی گرتووە، کە هەناردەی دەرەوە دەکرێت و دوای ئەویش پیاز دێت.
 
جابر عێدان، بازرگانێکی عەرەبە دەڵێت "من دەیبەم بۆ واست لە کوت، لەوێ نییە، تەنیا لێرە و لە رەبیعە و لە موسڵ هەیە، رۆژانە بەرهەم دەنێرین. ئێمە لێرە دادەنیشین، ئۆتۆمبێلەکان لێرەوە دەنێرین، ئەو بەرهەمانەی لێرە دەیکڕین زۆر جوانە و باشە".
 
جووتیارانی ئەو بەرهەمانەی هەناردەی دەرەوە دەکرێن، قازانجی زیاتر دەکەن. کاروان رەمزی، بازرگانێکی کوردە و دەڵێت، رۆژانە 400 تاوەکو 600 تۆن پەتاتە لە هەولێرەوە هەناردەی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت.
 
جگە لە پەتاتە و پیاز، هەریەک لە بەرهەمەکانی باینجان، کولەکە، خەیار، تەماتە، بیبەر، ترێ و چەند بەرهەمێکی دیکە لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێن، پلانی وەزارەتی کشتوکاڵ و جووتیاران بەوە ناوەستێت، بەڵکو دەیانەوێت ئەو بەرهەمانە هەناردەی دەرەوەی عێراقیش بکەن، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی کەنداو.
 
ئەمساڵ لە رێگەی کۆمپانیایەک لە سلێمانییەوە نزیکەی هەزار تۆن تەماتە، کوارگ و هەنجیر هەناردەی ئیمارات کراوە، کاریش دەکرێت بۆ هەناردەکردنی هەنار و ترێ.
 
حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتانی کەنداو زۆر خواستیان هەیە لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان، یەک دوو کۆمپانیاش کار لەسەر ئەوە دەکەن بەشێوەیەکی ستاندارد بەرهەمەکان هەناردەی ئەو وڵاتانە بکەن.
 
بۆ زیادکردن و هەمەچەشنکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی، وەزارەتی کشتوکاڵ دەیەوێت سوود لە ئەزموونی هۆڵەندا وەربگرێت، ئێستا لە رێگەی کۆمپانیا هۆڵەندییەکانەوە سێ پرۆژەی گەورەی ژووری شووشەیی بۆ بەرهەمهێنانی فراولە، تەماتە، کەلەرم، برۆکلی، قەڕنابیت و کاهو جێبەجێدەکرێت. ئەو بەرهەمانە جگە لە ناوخۆ، ئامادە دەکرێن بۆ هەناردەکردن بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان.