هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ هەیە
رووداو دیجیتاڵ
لە چەند مانگی رابردوودا شرۆڤەکارانی بازاڕ فۆکەسیان لەسەر ئەو هۆکارانە بووە کە ئاشکران لەبارەی کاریگەریان لەسەر نرخی زێڕ لەوانە پەتای کۆرۆنا و قەیرانی ئابووری، بەڵام بەلای هەندێ لە شرۆڤەکاران هۆکاری دیکەی نەگوتراو هەن کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا میدیا سەرنجی بۆ رانەکێشاون. یەکێک لەو هۆکارانە کە کاریگەری زۆری لەسەر نرخی زێڕ دەبێت لە چەند مانگی داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکایە کە زۆر بە خێرایی نزیکدەبێتەوە.
گشتپرسییەکان ئاماژە بە گۆڕانی سەرۆکی داهاتووی کۆشکی سپی دەکەن. هەرچەندە گشتپرسی جیاواز لەلایەن ناوەندە جیاوازەکان دەکرێن، بەشی زۆریان ئاماژە بە هێنانی دەنگی زیاتر لە لایەن جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان دەکەن.
شرۆڤەکاران پرسیار دەکەن، ئایا جۆ بایدن هەڵبژاردن دەباتەوە؟ پرسیارەکە بۆ ئەوان لەجێی خۆیەتی بەتایبەت کە گشتپرسییەکان ئاماژە بە سەرکەوتنی بایدن دەدەن. بەڵام کێ لەم سەردەمە بڕوای بە گشتپرسییەکان ماوە؟ بەلای شرۆڤەکاران کە زیاتر پشت بە ئاماری زانستی دەبەستن بەلایەنەوە ئاساییە کێ هەڵبژرادن دەباتەوە بۆیە بەلایەن شتێک نامۆ نییە بایدن لە هەڵبژاردنەکە سەربکەوێت بەتایبەت بەهۆی ئەوەی بەشێک لە دەنگدەران ناڕازین لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە مامەڵەکردن لەگەڵ پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بەتایبەت ئەگەر لە شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا بە خێرایی باشبوونەوەی رەوشی ئابووری ئەمریکای بەدوادانێت.
هەندێ لە شارەزایان دەڵێن؛ ئەوکات ترەمپ چارەنووسی هاوشێوەی جۆرج دەبلیو بووشی باوکی دەبێت کە لە ساڵانی سەرەتای 1990 هەڵبژاردنی بە بینکلنتن دۆڕاند لەو کاتەی رەوشی بێکاری لە ئەمریکا لە ئاستێکی بەرزدابوو. خۆ ئەگەر رەوشی ئابووریی ئەمریکا باشتربێت، پێشبڕکێکە لەنێوان ئێستا و کاتی هەڵبژاردن تووندتردەبێت.
بایدن چی لە ئابووری ئەمریکا دەکات و چی بەسەر بازاڕی زێڕ دێت؟
بابەتی سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی جۆ بایدن پەیوەندی بە پشتگیری بایدن یان بە بەرنامە ئابوورییەکەیەوە نییە. بەگوێرەی پلانی بووژانەوەی ئابووریی بایدن، حکومەتی فیدڕاڵی بڕی 700 ملیۆن دۆلار بۆ توێژینەوە، بەرەوپێشبردنی تەکنەلۆژیا، وزە و خزمەگوزاری خەرجدەکات.
سەرچاوەی ئەو بڕە پارەیە کە بایدن دەیەوێت خەرجیبکات لە بەرزکردنەوەی باج لە 21% بۆ 28% بەدەستدێت لەسەر دامەزراوەکان و سەرمایەداران. بەشی هەرە زۆری دامەزراوە و ئاژانسەکانی ئەمریکا لەنێویاندا وۆڵ ستریت جۆرناڵ بەرزکردنەوەی باج بە سیاسەتێکی دروست نازانن بەتایبەت لەو رەوشە ئابوورییەی ئێستا کە هەم قەیراناوییە هەم بەرەو باشبوونەوەیە. بۆیە بە بردنەوەی بایدن پێشبینیدەکرێت دەکرێت بازاڕەکان تا ماوەیەک دابەزن.
تاوەکو ئێستا وەبەرهێنەران بە ئەنجامی گشتپرسییەکان کە چانسی سەرکەوتنی زیاتر بە بایدن دەدەن بێزارنەبوون، چونکە تاوەکو مانگی تشرینی دووەم زۆر شت دەگۆڕێت بۆیە بازاڕەکان چاوەڕێن تا پێشبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی زیاتر رووندەبێت، هەرچەندە کاتێ ئەنجامی بەشێک لە راپرسییەکان ئاشکرادەکرێت بازاڕەکان کاردانەوە پێشاندەدەن. هەروەها بۆ وەبەرهێنەران ئاساییە کە پێشبینی ئەوە بکەن جۆ بایدن دوای هەڵبژاردن پلانی ئابووری خۆی بگۆڕێت یان ئەوەتا فۆکسی زیاتر بخەنە سەر لایەنی دیکەی بایدن.
بۆ نموونە سیاسەتی بازرگانی بایدن بەراورد بە ترەمپ سیاسەتێکی کەمتر خۆپارێزییە (پرۆتێکشنیزم) و دەتوانێت کۆتایی بە شەڕی بازرگانی لەگەڵ چین و وڵاتان بێنێت کە لە ساڵی رابردوو بازاڕەکانی شپرزە و نیگەران کرد. بۆیە کاریگەری سەرکەوتنی لەسەر بەهای بازاڕەکان و بازاڕی زێڕ شاشی پێوەدیارە. بەشێوەیەکی تیۆری، ئەگەر بەهای بازاڕەکان بەرزبێتەوە لەکاتێکدا نرخی زێڕ دابەزێت وەک ئەوەی لە ساڵی 2016 لەکاتی سەرکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردن، دەبێت پێشبینی پێچەوانەکەی بکەین ئەگەر بێت و بایدن سەرکەوێت و ترەمپ بدۆڕێت.
بەڵام ئەوکاتەش هۆکاری دیکە کاریگەریان دەبێت، بازاڕە داراییەکان و بازاڕی زێڕ دەتوانن بە ئاسانی بەشێوەیەکی گەشبینانە گوزارشت لە سەرکەوتنەکەی بایدن بکەن، چونکە وەبەرهێنەران مەیلی "بازاڕی گا-Bull Market"یان هەیە لەو کاتەی بەهای بازاڕەکان زۆر بەرزدەبێتەوە. یان لە سەرەتادا بەهاکەیان دادەبەزێت دواتر بەرەو بەرزبوونەوە دەچن.
لەگەڵ هەموو ئەو هۆکارانەش، بەلای شرۆڤەکاران بایدن کەسێکی پەسندکراوە لەلایەن وەبەرهێنەران چونکە هاوشێوەی بێرنی ساندەرس و ئیلیزابێز وارن رادیکاڵ نییە. بەڵکو لە زۆر لایەندا پەسندترە لە دۆناڵد ترەمپ. جۆ بایدنیش کە جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوو لەسەردەمی باراک ئۆباما، بازاڕەکان لە سەردەمی ئۆباما و ترەمپ کاریان کردووە.
بەشێوەیەکی گشتی بەلای شرۆڤەکارانی بازاڕ گرنگ نییە کێ سەرکردایەتیی کۆشکی سپی دەکات، بەڵکو بارودۆخی ئێستای ئابووریی پێویستدەکات لە بەرژەوەندی کانزا گرانبەهاکان بمێنێتەوە. لێرەدا مەبەست لە بەرزبوونەوەی کورتهێنانی بودجەیە، بەگوێرەی نووسینگەی بودجەی ئەمریکا کە ئاژانسێکی سەر بە حکومەتی فیدڕاڵییە، لە نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵ کورتهێنان لە بودجە 2.7 تریلیۆن دۆلار بووە کە دوو تریلیۆنی لە ساڵی رابردوو زیاترە. هاوکات بەگوێرەی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، کۆی قەرزە گشتییەکانی حکومەت پێشبینیدەکرێت تا ساڵی 2030 بگاتە 160%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆی ئەمریکا.
کەواتە گرنگ نییە کێ هەڵبژارد دەباتەوە. شرۆڤەکارانی بازاڕە داراییەکان پێشبینی ناکەن گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە سیاسەتی دارایی و شێوەی گشتی ئابووریی رووبدات تا ئەو کاتەی رەوشی ئابووری بە تەواوی لە کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا قووتاری دەبێت.
هەرچەندە بۆ وەبەرهێنەران سیاسەت رۆڵێکی گرنگی هەیە لە بازاڕەکاندا، بۆ نموونە ئەوەی بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا دەیکات گرنگە، تەنانەت لەوانەیە گرنگتر بێت لە کاریگەری سەرۆکی ئەمریکا لەسەر بازاڕە داراییەکان و بازاڕی زێڕ. ئەوەی ئاشکراشە بانکی فیدڕاڵی دەستبەرداری سیاسەتەکەی نابێت جا هەر کەسێ سەرۆکی ئەمریکا بێت. زۆربەی شارەزایە داراییەکانی ئەمریکاش لەسەر ئەوە کۆکن کە نە جۆ بایدن نە دۆناڵد ترەمپ ئامانجیان کەمکردنەوەی خەرجییەکان و پاکێجە هاندانە ئابوورییەکانە.