داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی ئابدا زیاتر لە شەش ملیار دۆلارە

رووداو - هەولێر
 
عێراق لە مانگی ئابدا نزیکەی 112 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە و، داهاتی ئەو نەوتەش زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بووە.

عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ (یەکشەممە، 1-9-2019) رایگەیاند "کۆی بڕە نەوتی خاوی هەناردەکراو لە مانگی ئابی رابردوودا لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق گەیشتە 107 ملیۆن و 520 هەزار و 44 بەرمیل".

عاسم جیهاد گوتیشی: نەوتی هەناردەکراو لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بەڕێگەی بەندەری جەیهان "لە هەمان ماوەوە گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 253 هەزار و 665 بەرمیل و، نەوتی هەناردەکراو لە کێڵگەی گەیارەش گەیشتووەتە 928 هەزار و 963 بەرمیل، بەڵام نەوتی هەناردەکراو بۆ ئوردن گەیشتە سێ هەزار و 479 بەرمیل".

ناوەندی رۆژانەی هەناردەی نەوت گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 603 هەزار بەرمیل، "چونکە رۆژانە هەناردەکردن لە بەندەرەکانی بەسرەوە گەیشتە 3 ملیۆن و 468 هەزار بەرمیل و لە جەیهانیشەوە رۆژانە گەیشتووەتە 105 هەزار بەرمیل، هەروەها رۆژانە لە کێڵگەی گەیارەوە هەناردەکردنی نەوت گەیشتووەتە 30 هەزار بەرمیل".

 

بەرپرسەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکراشی کرد هەر بەرمیلێکی ئەو نەوتە بە 56 دۆلار و 77 سەنت فرۆشراوە.