بەهای دینار دابەزی و تمەن بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار کەمێکی دیکە دابەزی و لە بەرامبەردا بەهای تمەن بەرزبووەوە.
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 149 هەزار و 700 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
بە گوتەی ئەو ئاڵوگۆڕکارە، لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا بەیانیی ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 149 هەزار و 550 دینار بوو.
رەوەز میرزا دەڵێت: "گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان و کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لەنێو خاکی ئێران، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای دینارە بەرامبەر بە دۆلار."
هاوکات، حاجی سابیر، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتی داخستنی بازاڕدا لە هەولێر 100 دۆلار بە 149 هەزار و 750 دینار بووە.
بە گوتەی حاجی سابیر، بەیانیی ئەمڕۆ لە هەولێر 100 دۆلار بەرامبەر 149 هەزار و 500 دینار بوو.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر پێیوایە، لە ئەگەری هێوربوونەوەی گرژییەکانی ناوچەکە، دەکرێت بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزببێتەوە.
دوێنێ چوارشەممە لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا لە هەولێر و سلێمانی 100 دۆلار بە 149 هەزار و 200 بوو. لەدوای کوژرانی هەنییەوە بەهاکەی بەرامبەر بە دۆلار رووی لە دابەزین کردووە.
بەهای تمەن بەرزبووەوە
بەپێچەوانەی دینار، ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە.
کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ 100 دۆلار بە شێوەی حەواڵە بەرامبەر 5 ملیۆن و 900 هەزار تمەن بووە.
بە کاشیش 100 دۆلار بە 5 ملیۆن و 650 هەزار تمەنە.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ 100 دۆلار گەیشتە زیاتر لە 6 ملیۆن تمەن.
کەیفی خۆشناو دەڵێت، بەهای تمەن لەگەڵ ئاراستەی گرژییەکانی ناوچەکە بەرزدەبێتەوە و دادەبەزێت.
هەرچی بازاڕەکانی نێوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە، بەهای تمەن بەردەوامە لە دابەزین و ئەمڕۆ هەر دۆلارێک گەیشتە 61 هەزار تمەن. واتە 100 دۆلار بەرامبەرە بە 6 ملیۆن و 100 هەزار تمەن.