ئابووری
یاداشتەکە لەلایەن حەییان عەبدولغەنی و مورای ئۆشینکڵۆس بەسەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی واژۆ کرا، وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سوودانی
رووداو دیجیتاڵ
لە بەغدا یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم (BP)ـی بەریتانی بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکووک واژۆکرا.
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 1ـی ئابی 2024) رایگەیاند "سەرۆکوەزیران سەرپەرشتیی رێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نەوتیی گشتگیری لەنێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نەوتی بەریتانی بریتیش پترۆلیۆم بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی کەرکووک، کرد."
یاداشتەکە لەلایەن حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت، بە نوێنەرایەتیی عێراق و مورای ئۆشینکڵۆس، سەرۆکی جێبەجێکار و نوێنەری کۆمپانیاکە واژۆکرا.
بەپێی راگەیێندراوەکە یاداشتەکە بۆ شیاندنەوە و پەرەپێدانی کیڵگەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوورە لە کێڵگەکانی کەرکووک بە ئاڤانا و باباگوڕگوڕەوە، کێڵگەی بای حەسەن، کێڵگەی جمبوور و خەبباز، دەگرێتەوە. لە هەمان کاتدا "دەکرێت رێککەوتن لەسەر کێڵگە یان ناوچەی دیکەی دۆزینەوە بکرێت بە رێککەوتنی هەردوولا."
مەبەست لەو لێکتێگەیشتنە، بەپێی حکومەتی عێراق؛ بۆ بەکارهێنانی باشترینی دەرفەتەکانە لە بواری وزە بۆ زیادکردن و پەرەپێدانی بەرهەمی نەوت و، وەبەرهێنانەکانی گاز و وزەی خۆر لە ناوچەکە.
یادگار سدیق گەڵاڵی، سەرۆکی رێکخراوی روونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەکانی نەوت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "یاداشتەکە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی کەرکووکە، چونکە ئەو کێڵگانە بەهۆی کۆنی و بەکارهێنان و ئەو کارانەی پێشوو، ماندوو بوون، حکومەتی عێراق دەیەوێت باشیان بکات و بەرهەمیشیان زیاد بکات."
سەرۆکی رێکخراوی روونبین بۆ شەفافیەت لە پڕۆسەکانی نەوت گوتیشی "کۆمپانیا بەریتانییەکە پێشتر لەو ناوچەیە کاریکردووە، شارەزای جوگرافیای ناوچەکەیە و ئەزموونی هەیە، هێشتا روون نییە ئەو یاداشتە درێژکردنەوەی رێککەوتنەکانی پێشترە، یان جیاوازە، بەڵام مەبەست لێی زیادکردنی بەرهەمی نەوتی کەرکووکە."
کۆمپانیا بەریتانییەکە لە ساڵی 2013 گرێبەستێکی لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک و زیادکردنی بەرهەمیان واژۆکرد، لەدوای هاتنی داعش لەساڵی 2014 کارەکانی راگرت، بەڵام لەدوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، جارێکی دیکە گەڕایەوە کەرکووک.
رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2020 بەهۆی نەگەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی گرێبەستەکەی نێوانیان، کۆمپانیاکە کارەکانی لە کەرکووک بەتەواوەتی راگرت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دوای تەواوبوونی گرێبەستە 100 ملیۆن دۆلارییەکەی نێوانیان، هیچ رێککەوتنێک بۆ فراوانکردنی کێڵگەکان نەکرا.
کشانەوەکە دوای ئەوە هات، بڕیاربوو ئاستی بەرهەمهێنان بۆ یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بەرزبکرێتەوە.
ئێستا بەرهەمهێنانی رۆژانەی کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک 370 هەزار بەرمیل دەبێت، کە بەشی زۆری بۆ پاڵاوگەی بێجی دەڕوات و بەشێکیشی بۆ پاڵاوگەی کەرکووکە، ئەوەی دەمێنێتەوە هەناردەی ئوردن دەکرێت.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە عێراق سەرقاڵی تەواوکردن و چاککردنەوەی بۆریی نەوتی کەرکووک-بەندەری جەیهان بوو، ئێستا تەواوبووە، دووجار پشکنینی بۆ کراوە. رۆژی چوارشەممە (31ـی تەمموزی 2024) لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی نەوتی عێراق کە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، "بۆریی نەوتی کەرکووک - بەندەری جەیهانی تورکیا دوو جار تاقیکراوەتەوە و هەردوو جارەکە هیچ کێشەیەکی نەبووە، بۆیە 100٪ ئامادەیە بۆ گواستنەوەی نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک، بەڵام هێشتا رێککەوتنی نێوان عێراق و تورکیا بۆ ئەو مەبەستە نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ