هەناردەی تورکیا 8.3% کەمیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

هەناردەی تورکیا لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ بەراورد بە هەمان مانگی پارساڵ 8.3% کەمیکردووە، هاوردەش 4.4% دابەزیوە و بە 24 ملیار و 920 ملیۆن دۆلار تۆمار کراوە.
 
دامەزراوەی ئاماری تورکیا ئاماری بازرگانیی دەرەکیی بۆ مانگی حوزەیرانی 2024 بڵاوکردەوە، کە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی ئامادەیان کردووە.
 
بەپێی داتاکان، هەناردەی تورکیا لە مانگی حوزەیران بەراورد بە هەمان مانگی پارساڵ 8.3% کەمیکردووە و بۆ 19 ملیار و 49 ملیۆن دۆلار دابەزیوە. هاوردەش 4.4% دابەزیوە و گەیشتووەتە 24 ملیار و 920 ملیۆن دۆلار.
 
بەم شێوەیە کورتهێنانی بازرگانیی دەرەکیی تورکیا لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ بەراورد بە هەمان مانگی پارساڵ 10.8% زیادیکردووە و گەیشتووەتە پێنج ملیار و 871 ملیۆن دۆلار.
 
لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا هەناردەی تورکیا بەراورد بە هەمان مانگەکانی پارساڵ 2.6% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 126 ملیار و 278 ملیۆن دۆلار. هاوردەش بە رێژەی 8.6% کەمیکردووە و بۆ 168 ملیار و 869 ملیۆن دۆلار دابەزیوە.
 
کورتهێنانی بازرگانیی دەرەکی بۆ 6 مانگی یەکەمی ساڵی 2024 گەیشتووەتە 42 ملیار و 591 ملیۆن دۆلار.
 
لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵدا هەناردەی تورکیا بە پلەی یەکەم بۆ ئەڵمانیا بووە، کە بە بەهای یەک ملیار و 555 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی ئەو وڵاتە کردووە. ئەمریکاش بە یەک ملیار و 287 ملیۆن دۆلار لە پلەی دووەم دێت، بەریتانیا بە یەک ملیار و 59 ملیۆن دۆلار پلەی سێیەمە، ئیتاڵیا بە 984 ملیۆن دۆلار لە پلەی چوارەم دایە و عێراق و هەرێمی کوردستانیش بە 853 ملیۆن دۆلار لە پلەی پلەی پێنجەمدا. 
 
30.1%ی هەناردەی تورکیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا بۆ ئەم پێنج وڵاتە بووە.
 
لە هاوردەکردندا چین بە سێ ملیار و 394 ملیۆن دۆلار لە پلەی یەکەمدایە؛ رووسیا بە دوو ملیار و 948 ملیۆن دۆلار لە پلەی دووەم، ئەڵمانیا بە یەک ملیار و 930 ملیۆن دۆلار لە پلەی سێیەم، ئەمریکا بە یەک ملیار و 190 ملیۆن دۆلار لە پلەی چوارەم و ئیتاڵیاش بە یەک ملیار و 169 ملیۆن دۆلار لە پلەی پێنجەم دێن. تورکیا نزیکەی 42.7٪ـی پێداویستییەکانی ناوخۆی لەم پێنج وڵاتە هاوردە کردووە.