نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 2440 دۆلاری تێپەڕاند

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە وتارەکەی دوێنێ شەویدا ئاماژەی بەوەدا دەرگای بانکەکە کراوەیە بۆ دابەزاندنی سوودی بانکی لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا، نرخی زێڕ بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی لە دوو هەفتەی رابردوودا.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێجنشەممە، 1-8-2024) نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە باشی پارێزگاری لە بەرزترین ئاستەکانی خۆی لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا کرد و، یەک ئۆنسەی بە 2444 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی زێڕ رۆژی چوارشەممە لە دوای لێدوانەکانی سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا نزیکەی 40 دۆلار لە هەر ئۆنسەیەکدا بەرزبووەوە.
 
مات سیمسن، شرۆڤەکاری سەر بە سیتی بانک لەو بارەیەوە رایگەیاند "لە دوای لێدوانی جیرۆم پاوڵ، کڕیاران دەستیان بە کڕینی زیاتری زێڕ کرد."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە رەنگە بە ئاسانی نرخی زێڕ نەتوانێت بگاتە ئاستی 2500 دۆلار، بەوپێیەی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ بۆ سەرووی 2500 دۆلار، پێویستیی بە گۆڕانکارییەکی گەورەتر هەیە لە سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە.
 
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر داتای نوێی هەڵاوسان ئاماژە بە دابەزینی نرخەکان لە ئەمریکا بکەن، ئەوا لە مانگی ئەیلوولەوە دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەکەن.