رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "داهاتی سەرجەم خاڵە سنوورییەکانی سلێمانی بە رێژەی 60٪ دابەزیوە" و دەشڵێت: " داهاتی سەرجەم خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە گەنجینەکانی حکومەت."
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤنێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "ئاسانکاری گومرگی لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق 60٪ـی داهاتی دەروازە سنوورییەکانی سلێمانی دابەزاندووە و جموجووڵە بازرگانییەکانیشی کەمکردووەتەوە، بەڵام بە رێژەیەکی کەمتر کاریگەری لەسەر گومرگی ئیبراهیم خەلیل هەبووە."
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە مامەڵەکردن لەگەڵ بازرگانان لە دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و حاجی ئۆمەران جیاوازی هەبێت و دەڵێت: "یەکێک لەو بابەتانەی شانازی پێوەدەکەین ئەوەیە کە لە گومرگەکانی هەرێمی کوردستان بە سیستمێک کار دەکرێت و سەرجەم پێناسە و رێکارە گومرگییەکان لەناو ئەو سیستمەدا جێگەیان کراوەتەوە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان، "ساڵی 2021 داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان یەک ترلیۆن و 691 ملیار دینار بووە کە بەرزترین داهات بووە لە 30 ساڵی رابردوودا و 50٪ـی ئەو داهاتە لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل بووە."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان:
رووداو: بڕیاری کەمکردنەوە و لابردنی پێناسی گومرگی لەسەر کۆمەڵێک کاڵا لە دەروازە سنوورییەکان دراوە. ئەو بریارە چی بوو داتان؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: ماوەیەکە قەیرانێک لە هەرێمی کوردستاندا هەیە. ئەمە سەرچاوەی لەو قەیرانانە وەرگرتووە کە لە وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دروستبوون، هەندێک رکابەری عێراق و کۆمەڵێک بەرنامەی ئەو وڵاتە کاریگەریی گەورەی لەسەر جووڵەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە. بەم دواییانە ئەوان پێناسی گومرگییان لەسەر 220 کاڵا هەڵگرت، بەڵام لای ئێمە هەڵنەگیرابوو.
رووداو: ماوەی چەند بوو ئەوان ئەو بڕیارەیان دابوو؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: ئەوان ماوەیەکە ئەو بڕیارەیان داوە، بەڵام لای ئێمە سفر نەکرابوویەوە. لە بەرامبەر ئەوەدا، ئێمە 14 بابەتی سەرەکیمان هەڵبژارد و پێناسی گومرگیمان لەسەر نەهێشتن کە پێداویستی پلە یەکی خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون و بریتیبوون لە خواردەمەنییە سەرەکییەکانی وەک برنج و رۆن و ئارد و شەکر و شیری منداڵان و پاقلەمەنییەکان. بەم دواییەش بۆچوونمان وابوو کە بەشێک لەو بابەتانەی ئێستا جووڵەی بازرگانییان گوێزراوەتەوە بۆ عێراق، هی ئەوەیە کە پێناسەی گومرگی دەقاودەق جێبەجێدەکەین، لەکاتێکدا عێراق بە تەواوی جێبەجێی ناکات. بۆیە بە سەرپەرشتی ئەنجوومەنی وەزیران لیژنە پێکهێندرا و بەشێک لە رسووماتی ئەو کاڵایانە کە ژمارەیان 171 بابەتن و زۆربەیان پێداویستی هەنووکەیی خەڵکن و ماددەی خۆراکیشیان تێدایە، بە رێژەی 25٪ بۆ 60٪ کەمکرایەوە.
رووداو: کامە 25٪ە و کامانە 60٪ لێخۆشبوونیان بۆکراوە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: ئەوانەی گومرگیان زۆر کەم بوو تەنیا بە رێژەی 25٪ کەمکرانەوە و ئەوانەش کە گومرگیان بەرزبوو، وەک کەلوپەلی کارەبایی نێوماڵ، بە رێژەی 60٪ گومرگمان کەمکرایەوە.
رووداو: بڕیاری لابردنی پێناسی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی خۆراک لە مانگی چوارەوە هەیە، ئەوە رەنگدانەوەی لە بازاڕ هەبووە؟ نرخی کاڵا و شتومەک گرانە یان ئەگەر ئەوەتان نەکردبا گرانتر دەبوو؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: ئەو قەیرانە گەورەترە لەوەی کە ئێمە بتوانین لە هەرێمی کوردستان باڵانسی رابگرین، بەڵام ئەوەندەی چاودێری بازاڕمان کردووە و بەراوردمان کردووە لەگەڵ نرخی ئەو کاڵایانەی ئێمە گومرگمان لەسەر لابردوون، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لای ئێمە گران نەبووە یان بە بەراورد بەوان کەمتر گرانبووە.
رووداو: کۆچی سەرمایە و بازرگانی و نەختینە هەیە. بۆچی دەبێ گومرگەکانی هەرێمی کوردستان لە پاپا کاسۆلیکتربن. بڕیارێک لە بەغدا دەرکراوە، ئێمە لەوان تۆختر و سوورترین لە جێبەجێکردنی، کەچی ئەوان هەر ئاگایان لەو بڕیارە نییە. بۆچی ئەو جێبەجێکردنە بە تۆخی لە هەرێمی کوردستان هەیە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: ئەو دەروازانەی هەرێمی کوردستان بە رەنج و ماندوبوونێکی زۆر هێندراونەتە بەرهەم و ئێستا کاریان لێدەکرێت. ئێمە شانازی دەکەین کە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی سیستماتیک و یاسایی کاردەکرێت. من ناتوانم قوربانی بە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بدەم لەبەر ئەوەی ئێستا لە عێراق جۆرێک لە جێبەجێنەکردنی یاسا هەیە.
رووداو: مەبەستت چییە لە قوربانیدان؟ واتە ئەگەر ئاسانکاری بۆ بازرگانان و خەڵک بکرێت، قوربانیدانە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: ئەوە ئاسانکاری نییە. ئێمە لە دەروازەکان پێناسێکی گومرگیمان هەیە و لە دەروازەکانی عێراق جێبەجێ ناکرێت؛ بە هیچ شێوەیەک جێبەجێ ناکرێت. ئەوان کاڵاکان دەهێنن و بەشێوەی کۆنتێنەر گومرگی دەکەن یان هەندێکجار بابەتەکان 30٪ گومرگ دەکرێن و 60٪ گومرگ ناکرێن. ئەمە کاریگەری گەورەی دەبێت.
رووداو: بەڵگە هەیە کە ئێوە لەگەڵ گومرگەکانی عێراق گفتوگۆتان کردووە و بابەتەکانتان وروژاندووە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: ئێمە ماوەیەکی زۆرە پەیوەندیمان پچڕاوە، هەندێک پەیوەندی تەکنیکی نەبێت کە ئیمەیڵەکانمان دەچێت بۆ یەکتر. ماوەیەکە هیج کۆبوونەوەمان نەبووە.
رووداو: لەکەیەوە پەیوەندیتان پچڕاوە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: ماوەیەکی زۆرە. گومرگەکانیش پەیوەندییەکی راستەوخۆیان هەیە بەو سیاسەتەی ئێستا لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق پەیڕەو دەکرێت؛ بۆیە ئێمە کۆبوونەوەمان نەکردووە. ئەگینا پێویستە هەر گۆڕانکارییەک بکرێت بە لیژنەی هاوبەش بیکەین.
رووداو: ماوەی چەندە ئەو پەیوەندییە پچڕاوە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: ماوەی نزیکەی ساڵێک و شەش مانگە.
رووداو: واتە ساڵێک و شەش مانگە هیچ پەیوەندییەک نەماوە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: پەیوەندیمان هەیە، بەڵام کۆبوونەوەمان نییە بۆ ئەوەی بڕیارەکان بە هاوبەشی بدەین. بۆیە ئەو بڕیارانەش کە ئەوان داویانە، راستەوخۆ و بێ لێوردبوونەوە داویانە و هیچ بەشدارییەکی ئێمەی تێدا نەبووە.
رووداو: مەبەستت لە پەیوەندی ئیمەیڵ چییە؟ پەیوەندی تەکنیکی چیتان هەیە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: هەندێک زانیاری هەیە. کۆمەڵێک بڕیار کە دەدرێن بۆ رێگەپێدان یان رێگرتن لە بابەتێک کە لەڕووی تەندروستییەوە شیاو نەبێت بۆ ئێمەی دەنێرن و جێبەجێی دەکەین. ئێمەش هەندێک بڕیاری خۆمان بۆ ئەوان دەنێرین. ئەوان جێبەجێی دەکەن.
رووداو: هیچ بەرپرسی ئەوان دێن بۆ پشکنین و چاودێریکردنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: لە ماوەی رابردوودا هەندێک نزیکبوونەوە روویدا بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند چارەسەر بکریت. تیمی هاوبەشی ئەوان لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان سەردانی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیان کرد و جۆرێک لە سەرسامیشیان دەربڕی و وەک گومرگ هیچ کێشەیەکیان بۆ نەمایەوە، واتە تیمەکە کە من رێکخەری نێوانیان بووم، راستەوخۆ پێیان گوتین کە ئێمە هەموو ئەو پڕوپاگەندانەی لەسەر دەروازەکانی هەرێمی کوردستان کراوە، بە ناڕاستی دەزانین و هیچ گلەیی و گازندەیەکمان لەسەر هەرێمی کوردستان نییە. بەڵام جاری وا هەیە سیاسەت شتێكی دیکە دەخوازێت و هەڵوێست دەردەبڕن و هەڵوێست دەفرۆشنەوە و کۆمەڵێک دەنگۆ لەسەر هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی ئەو ستافە تەکنیکییانە کە خۆیان سەردانی دەروازە سنوورییەکان دەکەن، دروستدەکەن.
رووداو: خۆت باس لەوە دەکەی کە جیاوازی مامەڵەکردن لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: ئێمە هەست دەکەین سیاسەتێک هەیە کە هەمیشە هەوڵ دەدات هەموو سەرچاوە ئابووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان وشک بکات و سیاسەتێکی دیکەشیان هەیە کە دەروازەکانیان پێ کۆنتڕۆڵ ناکرێت. ئەمە ئێستا زۆر بە خەستی دەرکەوتووە کە لەو ماوەیەی حکومەتی کاربەڕێکەر لە عێراق کاریکردووە، دەروازەکان بە جۆرێک فەرامۆشکراون.
رووداو: هەر لە پارێزگای سلێمانی شەش دەروازەی سنووری لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان هەیە. ئەو ئاسانکارییانەی لە دەروازەکانی عێراق دەکرێت لە سەتا چەند کاریگەری هەیە لەسەر جووڵەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: 60٪ـی هەموو داهاتەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی کەمیکردووە.
رووداو: هیچ کاریگەری لەسەر ئیبراهیم خەلیل هەبووە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: بەشێکیان بەڵێ، هەندێک جووڵەی بازرگانی کەلوپەلی کارەبایی رۆیشتووەتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق، بەڵام کەمتر کاریگەری لەسەر ئیبراهیم خەلیل هەبووە، چونکە ئەو کاڵایانەی لەوێوە دێن هەندێک گرانە ئاراستەکانیان بگۆڕن بۆ خوارووی عێراق.
رووداو: باست لەوە کرد کە 60٪ داهاتی لە سلێمانی کەمکردووەتەوە، بە هەمان رێژەش جموجووڵی بازرگانی کەمکردووەتەوە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: بێگومان هاوتەریبن، جموجووڵی بازرگانی لەگەڵ داهات هاوتەریبن.
رووداو: باس لەوە دەکرێت کە مامەڵەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەنێوان خۆشیاندا جیاوازن. ئەو قسەیە راستە کە دەگوترێ لە باشماخ مامەڵەیەکی جیاواز دەکرێت لەگەڵ ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: دەتوانم لەوەیاندا بڵێم نەخێر. لەبەر ئەوەی یەک لەو شتانەی شانازی پێوە دەکەین ئەوەیە لە گومرگەکانی هەرێمی کوردستان بە سیستمێک کاردەکرێت و سەرجەم پێناسە و رێکارەکان لەناو ئەو سیستمەدا گونجێندراوە؛ بۆیە دوورە فەرمانبەرێک یان بەرپرسێکی دەروازە بە شێوازێکی جیاواز کاربکات. لە هەموو دەروازەکان یەک شێواز رێنمایی و رێکار و پێناسی گومرگی هەیە و یەک سیستم بەڕێوەی دەبات، بەڵام هەندێکجار شێواز یان جۆری کاڵاکان رەنگە جیاوازییەک دروستبکات. بۆ نموونە لە دەروازەیەکەوە زۆرتر کاڵایەک دێت کە تێکەڵاوە.
رووداو: نموونەیەک بهێنەوە کە وابکات لە دەروازەی باشماخ مامەڵەکەی جیاوازبێت. ماوەیەک لەمەوبەر گفتوگۆم لەگەڵ جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی سنە کرد. ئەو گوتی لە دەروازەی باشماخ زیاتر هیلاکمان دەکەن بەراورد بە دەروازەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: هەندێکجار چەندین بابەت لە یەک بارهەڵگردا باردەکەن، تۆ ناچاری زۆربەی ئەو بارهەڵگرە دابگری بۆ ئەوەی راستی ئەو بارهەڵگرەت بۆ دەربکەوێت، بەڵام هەندێک بارهەڵگر هەیە یەک جۆر کاڵا باردەکات و تەنیا دەیخەیتە سەر قەپانێک و سکانی دەکەی و پێویستی بە داگرتن نابێت، بەڵام من دڵنیایی دەدەم کە دەروازەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان پابەندن بەو رێنماییانەی کە ئێمە بۆیان دەنێرین. دەکرێت هەندێک جیاوازی بچووک هەبێت، بەڵام کاریگەری نەکردووەتە سەر ئەوەی دەروازەیەک لە دەروازەیەکی دیکە باشتر یان خراپتر کاربکات.
رووداو: ئەگەر دوو بارهەڵگر سێ کاڵای وەک یەکیان هەڵگرتبێت، لە دەروازە سنوورییەکان بە شێوەیەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: بەڵێ بە شێوەیەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. ئێمە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان وامان داناوە کە زۆرترین کات بۆ بەڕێکردنی بارهەڵگرێک نابێ لە نیو کاژێر زیاتری پێبچێت، جگە لەو بارهەڵگرانەی پێویستییان بە پشکنین هەیە و ئەنجامی پشکنینەکانیان دەرنەچووە کە ئەوەش لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، ئەگینا رێکارە گومرگییەکان لە خاڵی یەکەمەوە تا کۆتایی نابێ لە نیو کاژێر بۆ سێ چارەک زیاتر بخایەنێت.
رووداو: واتا ئێوە هەوڵتانداوە رۆتین لە دەروازە سنوورییەکان کەمبکەنەوە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: بە شێوەیەکی زۆر، دەتوانم بڵێم جۆرێک لەو باڵانسەی کە لە هەرێمی کوردستان بەرامبەر دەروازە سنوورییەکانی عێراق پارێزراوە. رۆتینمان کەمکردووەتەوە، شەفافیەتێکی زۆر هەیە، سیستمی ئەلیکترۆنیمان جێبەجێکردووە و دەرفەتی پارە وەرگرتن و دەستوەردانە کەسییەکانمان بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو کەمکردووەتەوە.
رووداو: بابەتی کوالێتی کۆنتڕۆڵ تا چەند رۆڵی هەیە لەو بابەتەدا؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: کوالێتی کۆنتڕۆڵ هاوکارێکی زۆر باشبوون و بەم دواییانەش داشکاندنێکی زۆر گەورەیان کرد لە نرخی پشکنینەکان بۆ ئەوەی کارئاسانی بێت و قورساییش نەخەنە سەر بازرگانان.
رووداو: ئەگەر من بازرگان بم و کاڵایەک بهێنم بۆ هەرێمی کوردستان، هەست دەکەم بە دەروازەیەکی پڕۆفشناڵدا تێدەپەڕم؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: بەراورد بە دەروازەکانی عێراق بەڵێ زۆر پڕۆفشناڵن.
رووداو: داهاتی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان ئێستا چەندە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: داهاتی ساڵی 2021ی دەروازە سنوورییەکانت دەدەمێ، لەبەر ئەوەی ساڵێکی تەواوە. ساڵی 2021 داهاتی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان یەک ترلیۆن و 961 ملیار دینار بووە کە بەرزترین داهات بووە لە 30 ساڵی رابردوو.
رووداو: ئەوە داهاتی چەند دەروازەی سنوورییە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە فڕۆکەخانەکانیشەوە.
رووداو: زۆرترین داهات لە کام دەروازە بووە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: بێگومان ئیبراهیم خەلیل بووە.
رووداو: داهاتی چەند بووە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: دەتوانم بڵێم 50٪ـی ئەو داهاتە لە ئیبراهیم خەلیل بووە.
رووداو: لە پلەی دووەمدا کام دەروازە دێت؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: لە پلەی دووەمدا ئاڵوگۆڕ دەبێت. هەندێک جار پلەی دووەم بۆ حاجی ئۆمەرانە و هەندێک جار دەچێتە باشماخ و هەندێ جاریش پەروێزخان، بەڵام بەهۆی ئەو سیاسەتەی ئێستا عێراق جێبەجێی کردووە، زیاتر ئەو دەروازانەی نزیکی مونزەریە و سۆمارن، واتا پەروێزخان و دواتر باشماخ، کاریگەری گەورەیان خراوەتەسەر.
رووداو: ئەو هەشت مانگەی ئەمساڵ داهات زیادی کردووە یان کەمی کردووە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: هەندێک قەیرانی گەورە هەیە، بەتایبەتی شەڕی رووسیا کاریگەری گەورەی کردووەتە سەر بازاڕەکان و سستی کردوون، بەڵام داهاتەکان سەرباری ئەمەش وەک ساڵی رابردوون.
رووداو: دەبووایە زیادی کردبایە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: بێگومان خواستی ئێمە بەو شێوەیە بوو، بەڵام سیاسەت و نرخی نەوت و ئەو بارودۆخەی لە عێراقدا هەیە، هەموو ئەوانە کاریگەری گەورەیان هەیە. ئەگەر ئەو دۆخە نەبووایە داهاتەکان بەرەو هەڵکشان دەڕۆیشتن.
رووداو: لە بەڕێوەبردنی داهاتەکاندا چ تێبینییەکت هەیە؟ هەست دەکەی ئەو قسەوباسانەی کە باس لە کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ دەکات و قسە لەسەر ئەوە هەیە داهاتی شوێنێک کۆدەکرێتەوە یان کۆناکرێتەوە، ئەوە تا چەند دروستە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: داهاتی گومرگ، ئەوەی بە سیستمەکەدا دەڕوات هەمووی دەچێتەوە گەنجینە و یەک دیناری نافەوتێ.
رووداو: بەڵام قسەیەک هەیە گوایە کۆکردنەوەی داهات لە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان زۆر سەرکەوتوو نەبووە. ئەوە تا چەند راستە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: من پەیوەستم بە داهاتی گومرگەوە. داهاتی گومرگ و داهاتی باجی دەرامەتمان هەیە کە لە دەروازەکان وەردەگیرێن. من بەرپرسیارێتی ئەوەیان هەڵدەگرم. داهاتەکان ئێمە وەریناگرین و بانکەکان وەریدەگرن و ئەو بانکانەش راستەوخۆ بەستراونەتەوە بە گەنجینەکانەوە و لیستی پێداچوونەوە هەیە و هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر. تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چاودێری دارایی حکومەتی عێراقی هاتن و سەردانی هەموو دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیان کرد و پێش دەروازەکان سەردانی هەولێریان کرد و "میزانیەی مراجەعاتەکانیان" وەرگرت و ئینجا چوون و دەستیان کرد بە کنە و پشکنین، سەربەرزانە نەیانتوانی یەک هەڵە بدۆزنەوە و داهاتەکان هەمووی وەک خۆیان بوون. بۆیە وەک گومرگ و باجی دەرامەت لە دەروازەکان، من بەرپرسیارێتی هەڵدەگرم یەک دینار بەلادا ناڕوات.
رووداو: بۆچی کاتێک کە باسی پەیوەندی بازرگانی عێراق و تورکیا دەکرێت، پشت بە داتاکانی حکومەتی تورکیا و عێراق دەبەستین، هەرێمی کوردستان بەردەباز و ترانزیتەکەیە و نێوەندگیرە لەنێوان حکومەتی عێراق و تورکیا، بۆچی داتای هەرێمی کوردستانمان دەستناکەوێت؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: لەبەر ئەوەی عێراق بە دۆخێکی ناسەقامگیردا دەڕوات و نەتوانراوە لە یەک ناوەندەوە کۆنتڕۆڵ بەسەر هەموو دەروازەکاندا بکرێت. بۆیە ئەو بەهایانەی لەناو پێناسی گومرگی دامانناوە، بەهای دروست نین، بەڵکو بەهایەکن کە بەپێی جووڵەی بازرگانی ئەو کاڵایانە دانراون کە لەنێوان عێراق و تورکیادا ئاڵوگۆڕ دەکرێن.
رووداو: دەکرێ ئەوە هەندێک روون بکەیتەوە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: بۆ نموونە، بەهای تەلەڤزیۆنێک رەنگە لە دەرەوە 500 دۆلاربێت، بەڵام ئێمە 200 دۆلارمان داناوە لەبەر ئەوەی لە هەموو دەروازەکان بە یەک بەها گومرگ بکرێت. ئەگەر 500 دۆلارەکە بێت و بە نرخی بازاڕ هەژماری بکەین، لەوانەیە ئەو ئینڤۆیسانەی دەهێنرێ بۆ گومرگەکان دەستکاری بکرێت و ساختە بکرێن؛ بۆیە هاتووین و ئەوەمان لەناو پێناسدا جێگیرکردووە و بەهای تەلەڤزیۆنمان بە 200 دۆلار داناوە. کەواتە تۆ قەوارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەهۆی گومرگەوە نازانیت، لەبەر ئەوەی بەهای راستەقینە نییە. ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەبێ وەزارەتی بازرگانی بیزانێت، بەڵام ئەویش نایزانێت؛ دەتوانم، بڵێم وەکو ئامار نە ئێمە و نە وڵاتانی دەوروبەر 100٪ نایزانن، بەڵام ئێمە مەزەندەیەکمان هەیە. ئەو قەبارە ئاڵوگۆڕییەی لە تورکیاوە بە هی خۆی و ئەو وڵاتانەی کە لێوەی دەهێندرێت، ئێرانیش بە هەمان شێوە، ئاڵوگۆڕەکە لەگەڵ تورکیا دوو ئەوەندەی ئێرانە، واتا ئەگەر هی تورکیا 12 ملیار بێت، هی ئێران پێنج بۆ شەش ملیارە.
رووداو: ئەگەر بڵێین ئاڵوگۆڕی بازرگانی تورکیا و عێراق 20 ملیارە، لە سەتا چەندی دەکرێ وەک داهاتی گومرگی هەژمار بکرێت؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: نزیکەی 5٪ـی، لەبەرئەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی مەرج نییە تەنیا بۆ ئەو بابەتانە بێت کە بە گومرگ دێت و هەموو لێخۆشبوونەکانیش دەچێتەوە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بەتایبەتی ئێمە بۆ پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنان کۆنسوڵخانەکان و خێرخوازی و وەزارەتەکان لێخۆشبوونمان هەیە کە هەمووشیان بە خاڵە سنوورییەکاندا دێنە ژوورەوە، بۆیە دەکرێ بڵێم داهاتە گومرگییەکان 3٪ـەوە تا 5٪ـی کۆی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتێکە.
رووداو: لە کەمکردنەوە و لێخۆشبوونی پێناسە گومرگییەکان، باس لەوە دەکرێت کە ئەمە دەرفەتێکە بۆ هەندێک بازرگان کە کاڵا و شتومەک بەناوی ترانزیتەوە بهێنن و دواتر لەناوخۆی هەرێمی کوردستان دەیفرۆشن؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: نا بۆ سیستمی ترانزێت رێکارێکی زۆر توندمان گرتووەتەبەر و دەبێ هەمووی بە نوێنەرا بڕوات یان بە پلۆمدا بڕوات و لە ناوەڕاستی رێگەکەیدا جارێکی دیکە سەیربکرێتەوە و بەراورد بکرێت و دەبێ ئەو نوێنەرایەتییانەی کە دەینێرن وەڵامیان پێبێت و بیگەڕێننەوە بۆ شوێنی خۆی.
رووداو: روونتر باسی بکە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: بۆ نموونە، لە مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە بابەتێک بە ترانزیت دەبەی بۆ مەرزی ئیبراهیم خەلیل، بە نوێنەر و نووسراوی رەسمی بابەتەکەت لەگەڵ دەنێردرێ، لە دهۆک جارێکی دیکە بابەتەکە سەیردەکرێتەوە بۆ ئەوەی بزانن لێی دانەگیراوە یان دەستکاری نەکراوە، دوای ئەوەی گەیشتە ئیبراهیم خەلیل لە قەپان دەدرێتەوە و وەڵامێک دەدرێتەوە بە نوێنەرەکە و دەدرێتەوە بە بەڕێوەبەرایەتیی مەرزی حاجی ئۆمەران و ئینجا ئەو بڕە پارەیەی وەک دڵنیایی لێی وەرگیراوە، پێیدەدرێتەوە.
رووداو: گوتت هیچ جیاوازییەک لەنێوان دەروازە سنوورییەکاندا نییە، بۆ خەڵەتاندنی ئێوەیە هەندێک بازرگان وادەڵێن؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: ناکرێ لەسەر شتێک کە بنەمایەکی زانستی و یاسایی و بەڵگەداری نەبێت قسە بکەم. من ناتوانم وەڵامی ئەوانە بدەمەوە.
رووداو: بنەما چییە، خۆ بازرگانێک و دووان نین؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: واتا چۆن، من تێناگەم.
رووداو: بۆ نموونە دەگوترێت ئەو کاڵایانەی لێخۆشبوونیان بۆ کراوە لە دەروازەکانی سلێمانییەوە بهێنرێن کە هیچ داهاتێکیان نییە و ئەوانەش کە لێخۆشبوون نایانگرێتەوە، لە حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیلەوە بهێندرێن بۆ ئەوەی داهاتیان هەبێت، ئەم قسەیە راستە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: بۆ هەموو دەروازەکان لێخۆشبوون هەیە، بەڵام ئەمەیان دەسەڵاتی منی تێدا نییە، بازرگانەکان خۆیان بڕیار دەدەن لێخۆشبوونەکان لەکوێوە دەهێنن. من دەبێ پابەندبم بە خواستی ئەو بازرگانانەوە. زۆرجار لەوانەیە رێژەیەکی زۆر لێخۆشبوون لە باشماخەوە بێت و لە حاجی ئۆمەرانەوە نەیەت، بەڵام من ناتوانم ئەو باڵانسە رابگرم.
رووداو: تۆ هەست ناکەی بڕیارێک هەیە، ئەو کاڵایانەی لێخۆشبوون دەیانگرێتەوە لە باشماخ و پەروێزخانەوە بهێندرێن بۆ ئەوەی داهاتی سلێمانی کەمبێت و ئەو بابەتانەی لێخۆشبوون نایانگرێتەوە بە حاجی ئۆمەراندا بهێندرێن؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: هەندێکجار هەست بەوە دەکەین، لەوانەیە لێخۆشبوونێک لە دەروازەیەکدا زۆرتربێت، بەڵام وەک باسم کرد، من ئەو بازرگانەم ئازادکردووە کە لێخۆشبوونەکانی لەکوێوە دەهێنێت بۆ ئەوەی کەمترین تێچووی لەسەر بکەوێت.
رووداو: کاک ساماڵ، تۆ دەمێکە لە گومرگدا کاردەکەی و وەک ئایکۆنی گومرگت لێهاتووە، جموجووڵێکی زۆر لە دەروازەیەک دروستدەبێت و کاڵایەکی زۆر لەوێوە دێت کە لێخۆشبوونی گومرگی دەیانگرێتەوە. بۆنی هیچ ناکەی و ناڵێی بۆچی؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: ئێوە رەنگە لە روانگەیەکەوە بیبینن و من لە روانگەیەکی دیکەوە سەیری دۆخەکە بکەم، من هەست ناکەم لە پشتی ئەمەوە سیاسەتێک هەبێت. با زیاتر روونی بکەمەوە، شاری سلێمانی زیاترین کارگەی تێدایە، ئەوە سەلمێنراوە کە رێژەی بەرزی پیشەسازی لەناو شاری سلێمانییە، کەواتە دەبێ رێژەی بەرزی لێخۆشبوونەکان لە دەروازەکانی نزیک سلێمانییەوە بهێنرێتە ژوورەوە بۆ کارگەکانی سلێمانی.
رووداو: ئەگەر ئەو کاڵایەی لێخۆشبوونی لە باشماخەوە بۆکرا و کاڵاکە چوو بۆ دهۆک و هەولێر؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: ئاساییە.
رووداو: کەواتە ئەو لێخۆشبوونە لەبەر خاتری سلێمانی نەبوو؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: بازرگانەکان ئازادن و تا ئێستا نەبووینەتە خاڵێکی فشار لەسەریان بۆ ئەوەی جیاوازی بکەین لە نێوان دەروازەکاندا. من بەڕێوەبەری گشتیی گومرگم و هەموو دەروازەکان بە یەک دەروازە دەبینم و پێویستە داهاتی هەموویان بچێتەوە یەک شوێن. لە رۆژگارێکدا لە دەروازەیەک رەنگە بەهۆی بارێکی سیاسیی دەروازەیەک دابخرێت، نابێ ئەوە بکەمە مۆرکێک کە بۆچی ئەو دەروازەیە داهاتی نەبووە. بۆ نمونە رەنگە بارودۆخ وابخوازێت دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل دابخرێت، کەچی نەمبیستووە قەت دابخرێت، بەڵام بە دەیان جار بەهۆی بەفربارینەوە دەروازەی حاجی ئۆمەران داخراوە، یان دەروازەی باشماخ داخراوە، بەهۆی هەندێک خۆپێشاندان و تایبەتمەندی دیکەوە دەروازەی پەروێزخان داخراوە، لەبەر ئەوە من نایبینم کە دەبێ دەروازەیەک فەڕزە ئەوەندە داهاتی هەبێت و دەروازەکەی تر دەبێ ئەوەندە داهاتی هەبێت.
رووداو: سووری لەسەر ئەوەی گومرگ بریتی نییە تەنیا لە سەرچکردنی گومرگ و زیادکردنی داهات، بەڵکو گومرگ ئەرکی گرنگتری هەیە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: بەڵێ، گومرگ لە هەموو وڵاتانی جیهان وەک سەرچاوەیەکی لاوەکی هەژماردەکرێت و بگرە هەندێکجار پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆی پێ دەکرێت و باڵانسی نێوان هاوردە و هەناردەی پێ دەکرێت، بەڵام بەداخەوە لای ئێمە گومرگ بووەتە سەرچاوەی دووەمی داهات، بۆیە هەندێکجار ئەو پرەنسیپانەی گومرگی لەسەر دامەزراوە، ناچارم بیخەمە دواوە و داهاتەکە بخەمە پێشەوە.
رووداو: سەردەمی زێڕینی تۆ لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان کارت کردووە چ ساڵێک بووە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: دەتوانم بڵێم ساڵی 2021 بووە.
رووداو: باشبوونەکە پەیوەندی بە داهاتەوە هەیە؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان: بە داهات و جووڵەی بازرگانی، توانیمان زۆربەی ئەرقەلەکان تەواو بکەین و سیستمی ئەلیکترۆنی لە هەموو دەروازەکان کۆتایی پێبهێنین، واتا کۆمەڵێک هەنگاوی زۆر باشمان ناوە و بە هەمان شێوە لەو ساڵەدا هەندێک ریفۆرممان کردووە کە یەکەمیان کەمکردنەوەی کۆمەڵێک رۆتیناتە و رەسیدی هەندێک لە وەزارەتەکانمان نەهێشت و خەڵک سەربەستە هەر کارێکی بازرگانی بکات و ترانزیتمان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگەوە بردەوە دەروازەکان و کۆمەڵێک چاکسازی دیکەشمان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ