یاسین رەشید: وەبەرهێنان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زێڕینی خۆی
رووداو - سلێمانی
گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، بە پشتبەستن بەو گەشبینییەی لەنێو وەبەرهێنەران دروستبووە، چاوەڕێی دەستپێكردنەوەی جوڵەی گەورەی وەبەرهێنان و دەستپێكردنەوەی پرۆژە گەورەكان دەكات. چونكە وەك خۆی باسی دەكات، ئێستا حكومەت و وەبەرهێنەران، خۆیان بۆ قۆناغێكی نوێ ئامادە دەكەن "لەمەولا حكومەت سیستمی پاداشت و سزا بۆ وەبەرهێنەران پەیڕەو دەكات، كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار، زۆرترین بایەخیان پێدەدرێ".
چوار ساڵ لەمەوبەر، حكومەتی بەغدا بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، بە مووچەی ئەو فەرمانبەرانەشەوە كە هیچ سەروكارێكیان لەگەڵ سیاسەت نییە. لەوكاتەوە لە باشووری كوردستان دەستەواژەی قەیرانی دارایی بەكاردەهێنرێ بۆ پێناسەكردنی دۆخی هەر شتێك پەیوەندی بە ژیان و ئاواكاری و بونیادنانەوە هەبێ، بەڵام هێدی هێدی، بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و كەمكردنەوەی خەرجییەكان و پاكنووسكردنی لیستی مووچەخۆران و دەستگرتنەوە، بارودۆخەكە بۆ رێچكەی ئاسایی خۆی دەگەڕێتەوە، وەبەرهێنەرانیش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، كاتی كردنەوەی قاسەی پارەكانیانە.
پاداشت و سزا بۆ وەبەرهێنەران
یاسین رەشید، گوتەبێژی وەبەرهێنەرانە و بۆ خۆشی یەكێكە لەوانەی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی لە پارێزگای سلێمانی دروستكردووە. ئاماژە بە فەرمانێكی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ دەستگیركردنی ژمارەیەك وەبەرهێن لە پارێزگای هەولێر "ئێستا پێنجیان دەستگیركراون و دووانیشیان كوردستانیان جێهێشتووە و هەندێك وەبەرهێنیش لە رۆژانی داهاتوو لەلایەن دادگاوە بانگ دەكرێن".
بەڵام بۆچی ئەوانە دەستگیركران؟ یاسین رەشید دەڵێت "ئەو وەبەرهێنەرانە لە ماوەی رابردوو پرۆژەكانیان بەشێوەی ناتەندروست بەڕێوەبردووە و كەمتەرخەم بوون و مافی خەڵكیان لەسەرە"، ناوبراو جەختدەكاتەوە لەوەی دەستكردن بە سزادانی وەبەرهێنی شكستخواردوو، بەشێكە لە نەخشە رێگای نوێی بوژاندنەوەی وەبەرهێنان و دەڵێ "ئێستا وەبەرهێنان لەسەر ئەو نەخشە رێگەیە بە جوڵەكەوتووە كە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە كاری بۆ دەكرێ و بڕیاریش دەرچوە دەبێ وەبەرهێنانی راستەقینە بێتەوە مەیدان، ئەو نەخشە رێگەیەش، چاكسازی راستەقینەی كردووە بە بنەمای بەكاركەوتنەوەی وەبەرهێنان".
سزادانی وەبەرهێنی كەمتەرخەم و خراپ، بەلای یاسین رەشیدەوە سوودەكەی ئەوەیە لەوەودوا وەبەرهێن خەمی كواڵێتی پرۆژەكانی دەخوات و بیر لەوە ناكاتەوە تەنیا قازانج بكات :"ئیدی وەبەرهێن تێدەگات، لەسەر هەر كارێكی خراپ لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێ و سزا دەدرێ. وەبەرهێنە خراپەكان، ناوبانگی وەبەرهێنانی كوردستانیان لە دەرەوە لەكەدار كردبوو، ئێستا نێچیرڤان بارزانی، كار بۆ ئەوە دەكات بە سەرمایەدارانی جیهان بڵێ، هەڵەكان راستكراونەتەوە و هەلی باشتر هەن بۆ وەبەرهێنان".
سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، واژۆی خستووەتە سەر نووسراوێكی دیكە. بەپێی نووسراوەكە، لە هەر پارێزگایەك 13 بۆ 15 وەبەرهێنەر كە جێ دەستیان دیارە لە بونیادنانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و پڕۆژەی ستراتیژییان بونیاتناوە، بە ئامادەبوونی سەرجەم كونسوڵی وڵاتان، خەڵات دەكرێن و رێزیان لێدەنرێ.
وەبەرهێنەرانی كوردستان دەگەڕێنەوە
لەسێ ساڵی رابردوودا، دەسەڵاتدارانی بەغدا ئەو دۆخەی باشووری كوردستانیان قۆستەوە و بە گرێبەستی گەورە وەبەرهێن و سەرمایەدارانی كوردیان بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق راكێشا. بەڵام گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، پێیوایە ئێستا دۆخەكە دیسان پێچەوانە بووەتەوە بەهۆی ئەو خۆپیشاندان و پشێوییانەی لەو شارانەی عێراق سەریانهەڵداوە.
یاسین رەشید نموونە دێنێتەوە و دەڵێت :"یەكێك لە گەورە وەبەرهێنەرەكانی كورد لە بەغدا پرۆژەی زەبەلاحی وەرگرتووە و دەیەوێ هوتێلی پێنج ئەستێرەیی دروستبكات، پەیوەندی پێوەكردووین و دەڵێ رەوشەكە بۆ ئێمە تەواو خراپ بووە و پەشیمانین. بەشێك لەو وەبەرهێنە كوردانە گەڕاونەتەوە بۆ كوردستان".
یاسین رەشید ئاشكرای كرد لە ماوەی دروستبوونی ئەو پشێوییانەوە بەپێی داتای دروست بایی 50 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق پاشەكشەی كردووە و بەشێك لەو زیانە بەر ئەو وەبەرهێنەرە كوردانە كەوتووە لەوێ پرۆژەیان وەرگرتووە. یاسین رەشید گوتی "وەبەرهێنەر كورد لەوێ بایی یەك ملیار دۆلار پرۆژەی كارەبای وەرگرتووە، هەروەها پرۆژەی گەورەی پیشەسازی و بیناسازیان وەرگرتووە".
نەك هەر پشێوییەكان، بەڵكو لەو ماوەیەدا دابەزینی بەهای دراوی ئێران و توركی وایكردووە ژمارەیەك وەبەرهێنی دیكەی كورد زیانی گەورەیان بكەن. هەر بۆیە ئێستا سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی كار بۆ ئەوە دەكەن وەبەرهێنی كورد لە جۆرجیا و ئێران و توركیا و عێراق و وڵاتانی دیكەوە بگەڕێنەوە و لە كوردستان وەبەرهێنان بكەن.
یاسین رەشید، دڵنیایە لەوەی وەبەرهێنەكانی كورد دەتوانن بە گەڕانەوەیان، پرۆژەی گەورە بكەن. ئەو باسی پرۆرژەیەكی ئێجگار گەورەی گەشتیاریی دەكات لە شارۆچكەی دوكان كە گروپی كۆمپانیاكانی فارووق جێبەجێی دەكات :"بە گوژمەی یەك ملیار دۆلار جێبەجێ دەكرێ كە یەكێك لە گەورەترین پرۆژە گەشتیارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێ و لە دوای تەواوبوونی ئەو پرۆژەیەوە، كوردستان پێدەنێتە قۆناخێكی گەورەی گەشتیارییەوە".
كەرتی خانووبەرە دەبووژێتەوە
چاوەڕواندەكرێ ئەگەر پشێوییەكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق بەردەوامبن، شەپۆلێكی دیكەی خەڵك روو لە كوردستان بكەنەوە و بەوەش جارێكی دیكە خواست لەسەر كەرتی خانوو بەرە دروستدەبێتەوە. لە دووساڵی رابردوودا توركیا ئەو هەلەی قۆستبووەوە و دەرگای بەسەر عەرەب و عێراقییەكاندا كردبووە بۆ كڕینی خانوبەرە بەپێی داتاكانی یەكێتی وەبەرهێنەران، لە ساڵی 2017 دا لە عێراق و هەرێمی كوردستان 125 هەزار كەس یەكەی نیشتەجێبونیان لە توركیا كڕیووە "ئەو 125 هەزار خانووەی كڕدراوە لە توركیا وای كردووە 18 ملیار دۆلاری كوردستان و عێراق بچێتە توركیا".
بە گوتەی گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، بەشێك لە پرۆژە هەرە گەورە و ستراتیژییەكانی سلێمانی، لەلایەن وەبەرهێنەرانی هەولێرەوە كراون، لەوانەش كارگەی چیمەنتۆی ماس كە رۆژانە 50 هەزار تۆن چیمەنتۆ بەرهەمدێنێ، كارگەی ئاسن و گەورەترین مۆڵ و بازاڕ بەناوی فاملی مۆڵ لەگەڵ ماجدی مۆڵ.
بەڵام دەشڵێت :"ئێستا ژمارەیەك وەبەرهێنی سلێمانی چوونەتە هەولێر و خەریكی پرۆژەی گەورەن، لەوانەش یەكێكیان گەورەترین میوانخانە لەسەر ئاستی عێراق لە هەولێر، دروست دەكات".