شاندی هەولێر و بەغدا لەبارەی سیاسەتی گومرگی گەیشتوونەتە رێککەوتنێک

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتى پلاندانانى عێراق دەڵێت، شاندى هەرێمى کوردستان و تیمی حکومەتى فیدراڵى رێککەوتن تێڕوانینێکى گشتگیر بۆ جێبەجێکردنى سیاسەتى گومرگى دابنێن. هەروەها بڕیاردرا کار بکرێت بۆ پێداچوونەوە بە میکانیزیمەکانى جێبەجێکردنى یاساى دەستەى دەروازە سنوورییەکان و پێشنیاز پێشکێش بکرێت بۆ ئەوەى ئەو دەستەیە ئەرکەکەى جێبەجێ بکات.

بەپێی وەزارەتەکە، شاندى هەرێمى کوردستان و تیمی حکومەتى فیدراڵى لەسەر کۆنووسى کۆبوونەوەى پێشوو رێککەوتن کە تایبەتە بە پێداچوونەوە بە سیاسەتى گومرگى لە دەروازە سنوورییەکان.

شاندی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە وەزیری دارایی، وەزیری ناوخۆ و بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، شاندەکە ئێوارەی ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە و "کۆبوونەوەکانمان ئەرێنی بوون."

 
کۆبوونەوەکان تایبەت بوون بەوەی کە چۆن لەمەودوا بتوانن گومرگەکان بە هاوبەشی لەمەودوا بتوانن بەڕێوەببرێن، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە؛ بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە کۆبوونەوەکانیان بەردەوام بن و لە ئاییندەیەکی نزیکدا بچنەوە بەغدا، بۆئەوەی رێککەوتن بکەن.