%5ـی زێڕی ئێران لە رێگەی باشماخەوە هاوردە دەکرێت

01-07-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای سنە دەڵێت، لە سێ مانگی رابردوودا دەروازەی سنووریی باشماخ لە هاوردەکردنی زێڕدا بۆ ئێران لە پلەی دووەمدا بووە.
 
رۆژی دووشەممە، 1ی تەممووزی 2024، فەرامەرز ئومیدی، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە رایگەیاند، بەپێی ئامارێک کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە سێ مانگی رابردوودا 6.6 تۆن زێڕ بە بەهای 476 ملیۆن دۆلار لە رێگەی فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکانەوە هاوردە کراوە.
 
فەرامەرز ئۆمیدی گوتی: "5.04٪ ئەو زێڕە لە رێگەی دەروازەی سنووریی باشماخەوە هاوردە کراوە و بەو پێیەش ئەو دەروازە سنوورییە لەڕووی هاوردەکردنی زێرەوە لەسەر ئاستی ئێران لە دوای فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی تارانەوە بە پلەی دووەم دێت."
 
گومرکی ئێران ئامارێکی نوێی هاوردەکردنی زێڕی بڵاوکردووەتەوە و بە پێی ئامارەکە تەنیا لە سێ مانگی رابڕدوودا بڕی 6.6 تۆن زێر بە بەهای 476 ملیۆن دۆلار هاوردەی ئەو وڵاتە کراوە.
 
ئاماژەشی بەوە کردووەتەوە، ئەو بڕە زێرە لە سێ شوێنی سەرەکییەوە هاوردە کراوە؛ "91.64٪ی زێڕەکە لە رێگەی فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی تارانەوە، 5.04٪ی لە رێگەی گومرکی باشماخی مەریوان و 1.51٪ی لە رێگەی فڕۆکەخانەی مەشهەدەوە هاوردە کراوە."
 
هەر بەپێی گومرگی ئێران، ساڵی پار لە هەمان ماوەدا دوو تۆن زێڕ بە بەهای 130 ملیۆن دۆلار هاوردە کرابوو. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی ئێران لە کۆتاییەکانی مانگی ئایاردا بە دەرکردنی گشتاندنێک بۆ هەموو خاڵە گومرگییەکان، دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان رایگەیاند، ئەم ساڵیش باج لەسەر هاوردەکردنی زێڕ هەڵگیراوە.
 
لە ساڵی 2022دا، حکومەتی ئێران بڕیاری دا ئاسانکاریی بۆ هاوردەکردنی زێڕ بۆ سەرانسەری ئێران بکات. 
 
پار، ئێران نزیکەی 30 تۆن زێڕی هاوردە کردبوو. 
 
رۆژی 25ی ئاداری 2024، محەممەد رزوانیفەر، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ئێران رایگەیاند، ئێران لە ماوەی ساڵێکدا بڕی 29 تۆن و 969 کیلۆگرام زێر بە بەهای ملیارێک و 936 ملیۆن دۆلار هاوردە کردووە، کە 3٪ی کۆی گشتیی هاوردەی وڵاتەکە دەکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوتی

نەوتی برێنت بە نزیکەی 86 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

نرخی نەوت ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە. داتاکانی پەیوەست بە قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا گەشبینییان لای بازرگانان دروستکردووە بەوەی کە خواست بۆ نەوتی خاو لە وەرزی هاویندا بەرزدەبێتەوە.