نرخی نەوت بۆ سەرووی 86 دۆلار بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ 

نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە. بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە زیاتر لە 86 دۆلار.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 1-7-2024، نرخی نەوتی برێنت دۆلارێک و 65 سەنت، یاخود 1.94٪ بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 86 دۆلار و 65 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش دۆلارێک و 92 سەنت، یاخود 2.37٪ بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 83 دۆلار و 46 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی نەوتە لە 30ـی نیسانی ئەم ساڵەوە.
 
گەشبینی بە زیادبوونی خواست و کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت دوو هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخەکەین.
 
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت کە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بڕیاریداوە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تاوەکو ساڵی داهاتوو درێژبکاتەوە. 
 
ئەمە وایکردووە شارەزا و بازرگانان پێشبینی بکەن لەم چارەکەدا [چارەکی سێیەم] خستنەڕووی نەوت کەمببێتەوە، چونکە ئەوە هاوکاتە لەگەڵ وەرزی گەرمای ئەمریکا کە زۆر لە هاووڵاتییان گەشت دەکەن. خواست لەسەر سووتەمەنی دروستدەکات و نەوتی کۆگاکان کەمدەکاتەوە.
 
شرۆڤەکارانی بانکی جەی پی مۆرگان دەڵێن، "ئاماژەکانی خواست بەهێز دیارن، بەتایبەتی لە بازاڕی ئەمریکا. خواستی ترۆپکی پاڵاوتگەکانیش لەسەر نەوت ئێستا پتەوە و تاوەکو مانگی ئابیش درێژەی دەبێت".
 
ئێستا سەرنجی بازرگانان لەسەر گوتاری جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە کە سبەی کاژێر 16:30 بە کاتی هەولێر پێشکێشی دەکات.
 
شەوی چوارشەممەی ئەم هەفتەیەش کۆنووسی کۆبوونەوەی لیژنەی بازاڕی کراوەی فیدراڵیی سەر بە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڵاودەبێتەوە.