دەروازەی وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بانکی ناوەندیی عێراق لە 14ـی ئەم مانگەوە تەنیا لە فڕۆکەخانەکان دۆلار بە نرخی فەرمی دەداتە گەشتیاران. لقی بانکەکانی رافیدەین و رەشیدیش بۆ ئەم مەبەستە لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی دەکرێنەوە.
 
بانکی ناوەندی نووسراوێکی ئاراستەی بانکەکانی رەشید، رافیدەین، بانکی بازرگانی (TBI)، کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو کە لە فڕۆکەخانەکان کاردەکەن و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی جۆری A و B. کردووە
 
بانکی ناوەندی لە نووسراوەکەدا رایگەیاندووە، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی گەشتیاران دۆلاری نەختینەیی وەردەگرن و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراویش لە مامەڵەی نادروست رزگار بکەن، بڕیاردرا رۆژی 14/7/2024 وەک دوایین وادە بۆ کارپێکردنی میکانیزمی پێشوو دیاری بکرێت.
 
بەپێی نووسراوەکە، ئەو بانک و کۆمپانیایانەی ئاڵوگۆڕی دراو کە لە فڕۆکەخانەکان کاردەکەن، دەتوانن رسوماتێک بە بڕی 15 هەزار دینار لە گەشتیار وەربگرن. کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دەرەوەی فڕۆکەخانەکانیش بڕی پارەکە بۆ کۆمپانیاکان لە فڕۆکەخانەکان دابین دەکەن. ئەوەش بەپێی میکانیزمێک کە هەردوولا لەسەری رێکدەکەون.
 
بەپێی نووسراوەکە، کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو پێویستە پێش 14ـی ئەم مانگە مامەڵەکانیان بگوازنەوە سەر یەکێک لەو سێ بانکە حکومییە.