رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار گەیشتە 148 هەزار دینار، لە کاتی داخستندا بەهای دینار بەرزبووەوە.
ئیسماعیل محەممەد، شارەزا و ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتی داخستندا 100 دۆلار بە 147 هەزار و 650 دینار بووە.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی دۆلارفرۆشانی هەولێر و دۆلارەکەی سلێمانی، 100 دۆلار گەیشتبووە 148 هەزار دینار. لە هەولێر ئاستی 148 هەزار و 250 دیناریشی تۆمارکردبوو.
ئیسماعیل محەممەد دەڵێت، ناسەقامگیریی خواست و خستنەڕوو هەیە. پێش جەژن دە رۆژ پشوو بووە. دینار خەرجکراوە؛ ئەگەر لەو بڕە کەمێكیشی کرابێتە دۆلار، خواست لەسەری زیادبووە و گران دەبێت.
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لە 14ـی ئەم مانگەوە تەنیا لە فڕۆکەخانەکان دۆلار بە نرخی فەرمی دەداتە گەشتیاران.
ئەو ئاڵوگۆڕکارە دەڵێت، رەنگە ئەمە ئاماژە بێت بەوەی کە لەم ماوەیەدا دۆلار بە نرخی فەرمی نەدرابێتە گەشتیاران. گوتیشی، ناسەقامگیری لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی بانکی ناوەندی هەیە. ناوە ناوە بەهۆی سەرپێچییەوە سزادان دروست دەبێت و دینار دادەبەزێت.
هەروەها حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 147 هەزار و 900 دینار بووە.
وەک حاجی سابیر دەڵێت، یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دینار، کەمیی فرۆشی دۆلار بووە بە شێوەی کاش لە لایەن بانکی ناوەندییەوە. دەشڵێت، ئەوەی بانکی ناوەندی لەبارەی خستنەڕووی دۆلارەوە رایدەگەیێنێت، تەنیا ژمارەیە و بڕە راستەقینەکە ئەوەندە نییە.
رۆژی 30-05-2024 بانکی ناوەندیی عێراق بە نووسراوی فەرمی 197 کۆمپانیای قەدەخە کرد بچنە نێو دەروازەی کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ