تورکیا: لە نیساندا عێراق چوارەم گەورەترین هاوردەکارمان بووە

01-06-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە نیسانی ئەم ساڵدا عێراق بە بەهای کەمتر لە ملیارێک دۆلار کاڵای لە تورکیاوە هاوردە کردووە. 
 
تورکسات، ناوەندی ئاماری تورکیا رایگەیاند، لە مانگی نیسانی ئەم ساڵدا تورکیا بە بەهای 19 ملیار و 254 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردە کردووە. هەروەها بە بەهای 29 ملیار و 117 ملیۆن دۆلار کاڵای هاوردە کردووە.
 
لەو مانگەدا، بازرگانیی تورکیا 9 ملیار و 860 ملیۆن دۆلار کورتهێنانی هەبووە.
 
وەک تورکسات دەڵێت، لە مانگی نیساندا عێراق چوارەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانییان بووە و بە بەهای 876 ملیۆن دۆلار کاڵایان هەناردەی ئەو وڵاتە کردووە.
 
ناوەندەکە دەڵێت، لەو مانگەدا زۆرترین هەناردەی تورکیا بە بەهای ملیارێک و 483 ملیۆن دۆلار بووە و بۆ ئەڵمانیا بووە. دوای ئەویش بە بەهای ملیارێک و 186 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی ئەمریکا و، بەهای ملیارێک و 170 ملیار دۆلاریش کاڵای هەناردەی بەریتانیا کردووە.
 
لە ساڵی رابردوودا قەبارەی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا 19 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار بووە. لە ساڵی 2022ـشدا 24 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بوو.
 
کۆتایی مانگی نیسانی ئەم ساڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی بەغدا و پاشان سەردانی هەولێری کرد.
 
لە کاتی سەردانەکەدا عێراق و تورکیا 26 یاداشتی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە