ئۆپێک پڵەس کۆدەبێتەوە؛ بەردەوامبوون لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت سینارۆی سەرەکییە

رووداو دیجیتاڵ

ئۆپێک پڵەس سبەی کۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی کۆتاییهێنان یان درێژکردنەوەی ماوەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دەدات. بڕیارەکە عێراقیش دەگرێتەوە.
 
پێشتر بڕیاردرابوو کۆبوونەوەکە لە بارەگای رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) لە شاری ڤیەننای نەمسا بکرێت، بەڵام هەفتەی رابردوو بڕیاردرا بە ئۆنلایین بکرێت.
 
ئێستاش دوو سەرچاوە دەڵێن، سعودیە وەزیرانی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانێتییەکەی بانگهێشتی ریاز کردووە. دوو لە وەزیرەکانیش بەنیازن بەرەو سعودیە بەڕێبکەون.
 
وەک سەرچاوەکان دەڵێن، لە کۆبوونەوەکەی سبەی، گفتوگۆی رێککەوتنی ئاڵۆز لەبارەی سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوت دەکرێت. یەکێک لە ئەگەرەکان درێژکردنەوەی ماوەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانە لەمساڵدا.
 
ئێستا وڵاتانی ئۆپێک پڵەس رۆژانە 5 ملیۆن و 860 هەزار بەرمیل نەوت کەمتر لە توانای خۆیان بەرهەمدەهێنن. ئەم بڕە دەکاتە 5.7٪ـی کۆی خواستی جیهان لەسەر نەوت.
 
دوایینجار هاوپەیمانییەکە بەرهەمی نەوتی کەمکردبێتەوە نیسانی پار بوو. لەو مانگەدا وڵاتان خۆبەخشانە بڕیاریان دا بەیەکەوە بەرهەمهێنانی رۆژانەی 2 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیلی دیکە کەمبکەنەوە.
 
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە نرخی نەوت لە سێ رۆژی رابردوودا زیاتر لە 3 دۆلار دابەزیوە. ئەمە وایکردووە ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر بێت. 
 
ئەو بڕە لەلایەن جەزائیر، عێراق، کازاخستان، کوەیت، عومان، رووسیا، سعودیە و ئیمارات کەمکرایەوە. ماوەکەی لەم مانگەدا بەسەردەچێت. 
 
ناوەڕاستی مانگی رابردوو حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی پەیوەستە بە کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمهێنانی نەوت وەک رێککەوتنی لەسەر کراوە. رژدیشە بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە هەوڵەکانی بەدیهێنانی سەقامگیریی زیاتر لە بازاڕەکانی نەوتی جیهان.
 
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022ـەوە هاوپەیمانییەکە چەند جارێک بەرهەمهێنانی نەوتی کەمکردووەتەوە.
 
زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێک پڵەس، نیگەرانییەکان لە بارەی خواست لەسەر بەرهەمەکە و بەرزیی سوودی بانکی، دیارترین پاڵنەرەکانی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بوون.
 
کۆبوونەوەکە کاژێر 6:00ـی بەیانی بە کاتی هەولێر دەکرێت.
 
ئۆپێک پڵەس لە 22 ئەندام پێکدێت؛ 13ـیان ئەندامی رێکخراوی ئۆپێک و 10ـشیان وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی دەرەوەی رێکخراوەکەن.
 
وڵاتانی گرووپەکە 41 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرهەمدەهێنن کە دەکاتە نزیکەی 41٪ـی خواستی رۆژانەی جیهان لەسەر نەوت.
 
ئامانجی سەرەکییان رێکخستنی خستنەڕووی نەوتە لە بازاڕی نەوتی جیهاندا. سعودیە و رووسیا سەرکردەی دیفاکتۆی ئۆپێک پڵەسن.