لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق: خشتەی بودجە پێش جەژن دەنگی لەسەر نادرێت

01-06-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێش جەژنی قوربان خشتەی بودجەی ساڵی 2024 لە پەرلەمان دەنگی لەسەر نادرێت.
 
یاسر حوسێنی، جێگری لیژنەی ئابووری، پشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە 01-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زۆربەی پەرلەمانتاران لە دەرەوەی وڵاتن بۆ بەجێگەیاندنی حەج یان بە هۆکاری دیکە؛ بۆیە ئەستەمە رێژەی یاسایی ئامادەبوون لە دانیشتنی پەرلەمان تەواو بێت بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە. ئەگەر دانیشتنیش بکرێت، ناڕەزایەتییەکی زۆر لەسەر بودجەی پارێزگاکان هەیە."
 
رۆژی هەینی 31ی ئایاری 2024 پەرلەمانى عێراق رۆژى دووشەممە 03-06-2024ى دیاریکرد بۆ کۆبوونەوە لەبارەى دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجەى ساڵی 2024 و پەسند کردنى. کاژێر 03:00ی پاشنیوەڕۆ بۆ کۆبوونەوەکە دیاریکراوە.
 
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئابووری، پشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "رێککەوتن لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجە کاتی زیاتری پێویستە؛ بۆیە ئەگەری هەیە بکەوێتە دوای جەژنی قوربان."
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 19-05-2024 لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا پڕۆژەی بودجەی 2024ـی پەسند کرد و رۆژی 22-05-2024 ناردییە پەرلەمان.
 
بە گوتەی حوسێنی، "زۆربەی پڕۆژەی پارێزگاکان چوونەتە سەر وەزارەتەکان؛ پرۆژەکانی دیکەش لە پارێزگاکان وەستاون. پرۆژە لەکارکەوتووەکانی بودجەی 2024 دەچنە بودجەی 2025. لە 2025 هەڵبژاردنی پەرلەمان هەیە. ئەوکات بودجە دەبێتە سیاسی، نەوەک خزمەتگوزاری."
 
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە خشتەی بودجەی 2024ـی عێراق، کۆی گشتیی بودجەی هەرێمی کوردستان 20 تریلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 950 هەزار دینار دانراوە.
 
9 تریلیۆن و 556 ملیار و 348 ملیۆن و 5 هەزار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە؛ پێویستیی خزمەتگوزاری 2 تریلیۆن و 126 ملیار و 891 ملیۆن و 643 هەزار دینار؛ پێویستیی کاڵاکان 539 ملیار و 205 ملیۆن و 500 هەزار دینارە و نۆژەن و چاککردنەوەکانیش 255 ملیار دینار و 914 ملیۆن و 500 هەزار دینار دانراوە.
 
هەروەها بۆ بەخشین، هاوکاری و خەرجییەکانی دیکە 341 ملیار و 690 ملیۆن و 400 هەزار دینار؛ بۆ چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان 2 تریلیۆن و 20 ملیار و 173 ملیۆن و 330 هەزار دینار؛ کۆی گشتیی بودجەی بەکاربردن 14 تریلیۆن و 840 ملیار و 223 ملیۆن و 778 هەزار دینار؛ لە قەرزەکانیش یەک تریلیۆن و 116 ملیار دینار؛ بۆ وەبەرهێنانیش 4 تریلیۆن دینار و 954 ملیار و 240 ملیۆن و 172 هەزار دینار تەرخانکراوە.
 
سروە زەنگەنە، ئەندامى پەرلەمانى عێراق رۆژی شەممە بە رووداوى رایگەیاند، "بەشێک لە خەرجییەکان جێگیرن و پشکى هەرێمى کوردستان تێیاندا جێگیر دەبێت؛ بەشێکى دیکەیان دەگۆڕدرێن و بەگوێرەى خەرجکردنیان پشکى هەرێمى کوردستان دیاری دەکرێت."
 
کۆی گشتیی بودجەی عێراق 211 تریلیۆن و 861 ملیار و 312 ملیۆن و 504 هەزار دینارە. کۆی گشتیی داهاتی عێراق 147 تریلیۆن و 836 ملیار و 655 ملیۆن و 889 دینارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە